پەرەگراف
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی هات، دەنگدەرو لایەنە سیاسییەکان لە چاوەڕوانیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندان بە تایبەت لە کەرکوک کە بۆ کورد چەقی ململانێکەیەو چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگارە لە دوای شەش ساڵ لە لەدەستدانی ئەو پۆستە.
بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بە ڕووی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەردا کرانەوە لە ١٥ پارێزگای عێراق، تا ٢٨٥ کەس هەڵبژێرن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لەناو پێنج هەزار و ٩١٥ كاندیددا کە ئەركیان هەڵبژاردنی پارێزگار و چاودێریی حكومەتی خۆجێییە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرکەوتنی پڕۆسەکەی ڕاگەیاند، لەگەڵئەوەشدا بێ کێشە نەبووە و هاوپەیمانی تۆڕو رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکە، چەندین کێشەو گرفت و پێشێلکاریی پڕۆسەکەی ئاشکرا کرد لەوانەش؛ دەیان حاڵەتی بانگەشەکردن لە نزیک ناوەندەکانی دەنگدان و کەمیی کارمەند و هەبوونی کێشەو چالاکنەبوونی بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان.
هاوکات دیلان غەفور پەرلەمانتاری کورد لە کەرکوک بە پەرەگرافی وت "سکاڵامان لە کۆمسیۆن تۆمار کرد بەهۆی نەگەڕانەوەی ناوی بەشێک لە دەنگدەران و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێکی دیکەیان لە ناوچە کوردییەکان کە کێشەی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دروست کرد".
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف هەریەکە لە پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانیش بە هەمان هۆکار سکاڵایان لە کۆمسیۆن تۆمار کردووە.
ئێستا دەنگدەرو لایەنە سیاسییەکان لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەدان و، بڕیارە کۆمسیۆن لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان ئاشکرا بکات.
هەڵبژاردنەکە بۆ کورد گرنگ بوو بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان و بە دیاریکراوی لە کەرکوک کە ١٨ ساڵە ئەنجومەنی پارێزگای تێدا هەڵنەبژێردراوە، لایەنە کوردییەکان هەڵمەتی فراوانی هاندانی خەڵکیان بۆ بەشداریی لە پڕۆسەکە بەڕێوەبرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی و بردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دواجار دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە، ئەوە لەکاتێکدایە لە دوای ساڵی 2003وە كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد لە کەرکوک بێدەسەڵات نەبووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 15 كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت، کورد چاوی لە بەدەستهێنانی ٨ کورسیی ئەنجومەنەکەیەو ئەگەر ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنێت و پێکەوە یەک دەنگبن، پێویستی بە تەنها یەک دەنگی دیکە دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندیی خۆی، هەربۆیە تەنها کورسییەک لە ناو ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگەریی زۆری دەبێت لە هاوکێشەکانی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
لایەنە کوردییەکان لەگەڵئەوەی ناکۆکیی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام کۆک و هاوڕان لەسەرئەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک کۆتایی دێت و، هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان ژمارەی کورسییەکانیان پێکەوە کورسییەکانی کورد تێناپەڕێنێت و ئەوانیش ناکۆکی قووڵ لە نێوانیاندا هەیەو کورد بە بەستنی هاوپەیمانیی لەگەڵ یەکێک لەو پێکهاتانە یاخود بە بەدەستهێنانی پشتیوانیی کورسیی کۆتای مەسیحییەکان دەتوانێت نیوە+١ی دەنگەکانی ئەنجومەنی پارێزگا مسۆگەر بکات بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكدا، (لیستی برایەتیی كەركووك) كە لیستێكی كوردستانی بوو، 26 كورسیی لە كۆی ٤١ كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش كورد پۆستی پارێزگاری كەركووكی بردەوەو لەو کاتەوە ئەو پۆستە بەدەست کوردەوە بوو، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ كورد پۆستی پارێزگاری لەدەست دا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵی لاواز بوو.