دەستەی دەسپاکی: هەزارو ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان

17-12-2023 05:05
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف 

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێم ڕایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا هەزار و 10 دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت و ٢٣٠ دۆسیەیان ئاڕاستەی دادگا کراون، ئەوەش لە ساڵی ڕابردوو زیاترە.

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 148 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزادراون.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی جارێکی دیکە داوایکرد دادگایەکی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ زووتر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی.

بەپێی ئامارێکی دەستەی دەسپاکی کە ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، لە ٥ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٧ تا ٢٠٢٢) ٧٢ کەسی پلە باڵا وەک تۆمەتبار لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی نەزاهە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ئەو ٧٢ کەسە، ٦ وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، ٦ بریکاری وەزیر، ٥ ڕاوێژکار، یەک پەرلەمانتار، ٣٤ بەڕێوەبەری گشتی، ٤ سەرۆکی فەرمانگەکان، یەک پارێزگار، ٥ قائیمقام و ٨ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بوون.