بەلەمێكی كۆچبەران ژێرئاو كەوت و كۆچبەرێكی كورد خنكا

16-12-2023 12:35

پەرەگراف

بەلەمێكی كۆچبەران بە دەیان كۆچبەرەوە لە ئاوەكانی فەرەنسا ژێرئاو كەوت و زۆرینەیان ڕزگار كران، سێ‌ كۆچبەر گیانیان لەدەست داوە. یەكێك لەو كۆچبەرانەی گیانی لەدەست داوە كوردە و خەڵكی حاجیاوایە.

ماردین حەمید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی وت "بەلەمەێكی كۆچبەران كە هەوڵی داوە لە كەناراوەكانی گراڤیلین (باكووری فەڕەنسا)وە بە كەناڵی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا بپەڕێتەوە، ژێرئاو كەوتووە و سێ‌ كۆچبەر گیانیان لەدەست داوە".

ئەو بەلەمە كە تا ئێستا بوونی "66 كۆچبەر" تێیدا پشتڕاست كراوەتەوە، شەوی هەینی لەسەر شەممە لە كاتژمێر 12:30 خولەك ژێرئاو كەوتووە. دوای ئاگاداركردنەوەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هەرێمییەكان بۆ چاودێری و ڕزگاركردنی دەریایی، كەشتییەكی ڕزگاركردن ئاڕاستەی ناوچەكە كراوە دەزگای لوتكە دەڵێت "هەموو كۆچبەرەكان گەیەندراونەتە بەندەری كالێس و چاودێرییان دەكرێت، هەروەها ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان لە ناوچەكە بە ئاسمانی و دەریایی بەردەوامە".

لە دوێنێوە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆی خنكانی كۆچبەری كورد لەو ڕووداوەدا هەیە. ڕەنج پشدەری، چالاكوانی كوردی بواری كۆچ، دەڵێت "سێ‌ كۆچبەری كورد خنكاون".

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی وت "بەپێی دوایین زانیاریی دەزگای لوتكە و كەسوكاری كۆچبەرەكان، كۆچبەرێكی كورد بە ناوی (ڕاوێژ ڕەئوف) كە تەمەنی 22 ساڵە و خەڵكی حاجیاوای ئیدارەی ڕاپەڕینە، لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناسنامەی ئەو دوو كەسەی دیكە دیار نییە كە گیانیان لەدەست داوە".

بەپێی ئامارەكانی بەردەست دەزگای لوتكە، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لەمساڵدا لە سنووری نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە 24 كەس.

بەهۆی چالاكیی هاتوچۆی كەشتی لە كەناڵی ئینگلیز و خراپیی ئەو بەلەمە چووپییانەی كە كۆچبەران بەكاریان دەهێنن، زۆر جار كۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.