پەرەگراف
دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوامەو لە چەندین بنکە کێشە لە ئامێرەکانی دەنگداندا هەیە.
تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن ڕایگەیاند، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکارکەوتوون، بەهۆیەوە لە چەندین بنکەی دەنگدان پڕۆسەکە پەکیکەوتووە.
کاتژمێر ٧ی بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا کرانەوەو ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە دەنگدانی تایبەت کە لە 565 بنکە دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش 2367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت، دەنگدانی تایبەت بە باشی بەڕێوەدەچێت و ماوەکەی درێژناکرێتەوەو ئامێرەکانی دەنگدان بە شێوەیەک پرۆگرام کراون کە کاتژمێر ٦ی ئێوارە لەکار دەوەستن.
لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ١٠١ هەزارز ٩٤٢ کەس ئەمڕۆ مافی دەنگدان و بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا هەیە کە کارمەندەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ئاوارەکانن، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگ دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.