داهاتی باجی هەرێم دەبێتە باسی ڕۆژ؛ بەرپرسانی پێشوو و ئێستای حكومەت یەكتر تۆمەتبار دەكەن

15-12-2023 06:53
لە ڕاستەوە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان

پەرەگراف

لێدوانێكی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان كە ڕایگەیاند "داهاتی ساڵانەی باجی هەرێم گەیشتووەتە نزیكەی 800 ملیار دینار"، كاردانەوە و وەڵام و وەڵامكاریی بەدوادا دێت، تەنانەت وەزارەتی دارایی و وەزیرەكەی كە هاوكات قسەكەی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكان ڕەت دەكەنەوە، هەر خۆیشیان ژمارەی جیاواز لەبارەی داهاتەوە دەڵێن. ئەم بابەتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش گەرمە و كاردانەوەی فراوانی خەڵكی بەدوادا هاتووە.

بەپێی داتایەك كە وەزارەتی دارایی لە كاتی وەڵامدانەوەی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكان خستیە ڕوو، داهاتی باجی هەرێم لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی و زیاتر لە 912 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، كەچی هەر وەزیری دارایی هەرێم لە وەڵامی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكاندا ڕەتی دەكاتەوە كە داهاتی ساڵانەی باج تەنانەت گەیشتبێتە 800 ملیار دینار و دەڵێت "بەتەمەنی حوكمڕانیی هەرێم، داهات نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە".

زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، ‏لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا كە ڕۆژی 12-12-2023 بڵاو كراوەتەوە، دەڵێت "ئێمە ئەوكات ساڵانە بەس لە داهاتی باج دەگەیشتینە ‏‏800 ملیار دینار، بەس لەبەر مەقاسەی عێراق بە ڕەسمی دەمانوت 220 ملیار دینار، واتە ئەو ‏ژمارەیەمان داخڵ دەكرد و دەنووسی".‏

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمەریكا هەڕەشەی تۆمار كردنی سكاڵا لە دژی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان دەكات و دەڵێت "ئەو برادەرە دەبێت بیسەلمێنێت پارەكەی چی لێ كردووە، گەر نەیسەلمێنێت، وەكو ئاژاوەچی و ناڕاستگۆ لێی دەڕوانرێت، كە هاتووە ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگا تێك دەدات، نێوان هەرێم و بەغدا تێك دەدات".

وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە ڕوونكردنەوەیەكدا قسەكانی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكانی دەربارەی بڕی باج لە هەرێم بە ‏‏"درۆیەكی شاخدار و ناپاكی لە خەڵك و حكومەتی هەرێم" ناو برد و دەڵێت "بە مافی خۆمانی ‏دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەكار بگرینە بەر".‏

وەزارەتەكە دەشڵێت "ورووژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی ‏هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ئامانجێكی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە ‏پرسی ڕوونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە ‏زیانی خەڵكدا بەرەو خراپی بڕۆن".‏

ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت "من بەرپرسم و باسی هەتا مانگی چواری ساڵی 2016م كردووە، ئەو ماوەی چوار ساڵەی كە من كارم كردووە، بە نزیكەیی داهاتی باج دەگەیشتە 800 ملیار دینار، لەگەڵ لە 3%ی باجی گومرگی لەگەڵ (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) ئەمانە لای ئێمە تۆمار نەدەكرا لە باج، چونكە لە 3% لە گومرگ تۆمار كرابوو، (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) لە خەزێنە تۆمار دەكرا، ئەگەر تۆمارمان بكردنایە سەرلەنوێ لە بەغداد (مەقاسە)یان دەكرد، چونكە عێراق وەك دوژمنێك سەیری ئێمەی دەكرد".

زانیار محەمەد قادر زیاتر ڕوونكردنەوە لەسەر لێدوانەكەی پێشووی دەدات و دەڵێت "لە 2012 نزیكەی 130 ملیار، لە 2013، 160 ملیار، لە ساڵی 2014 ، 212ملیار ، لە ساڵی 2015 ، 190 ملیار، ئەو چوار مانگەی ساڵی 2016 نزیكەی 40 ملیار دینار داهات بوو، واتە ئاوەها كە لێكی دەدەینەوە نزیكەی 700 ملیارێك دەكات لە چوار ساڵ و چوار مانگە + لە 3% لەگەڵ كۆدەكەیتەوە دەكاتە نزیكەی 800 ملیار، من وەهام وت، نەك ساڵانە، نەموت بە ڕەسمی، ئیتر نازانم وەزارەتی دارایی بۆ بەوە مشەوەش بوون!".

وروژاندنی بابەتی داهاتی باج، چەند ڕۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاردانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە، ئاشکراکردنى شاردنەوە و دیارنەمانى بەشێکى زۆر لە داهاتى هەرێم، چین و توێژە جیاوازەکانى نیگەران کردووە.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "ئەو لێدوان و ئاشكراكردنەی بەڕێوەبەری پێشووی باجیش نەبێت، خەڵك هەمووی دەزانێ داهاتی ئاشكراكراو لەلایەن دەسەڵاتەوە (نەوتی و نانەوتی)، بەشە كەمەكەیە و بەشە زۆرەكەی ئاشكرا نییە".

هۆشیار عەبدوڵڵا وەڵامەكەی وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبەرى پێشووى باجەکان، بە "مایەی پێكەنین" ناو دەبات و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت "هێشتا ئەو باقیی دەوێتەوە و توڕەیە!".

وەزارەتی دارایی لە وەڵامەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان "كێشەی یاسایی ‏هەبووە" و دەڵێت "لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ‏دەستپاكیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی، كراوە".‏

لە وەڵامدا زانیار محەمەد قادر دەڵێت "بەڵێ، من كەیسم لە دەستەی دەستپاكی هەبووە،
دواتر چووەتە دادگای لێكۆڵینەوە و لە دادگاش (بەرائە)م بۆ هاتەوە و هیچم بەسەردا ساغ نەبووەوە، بڕیاری كۆتایی درا بە بێتاوان دەرچوونی من لە ساڵی 2019، دواتر بە هەمان پلە گەڕامەوە سەر پلەكەی خۆم بە مووچەی خۆم و دەوامی خۆم هەتا ساڵی 2022 لەو پۆستەدا بووم، دواتر داوای خانەنشین بوونم كرد، خۆ ئەوە شاراوە نییە".

زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە "دادپەروەری لە سەپاندنی باجدا نبووە" و دەشڵێت "ئەو باجەی ئەمڕۆ لە هاووڵاتیان ‏وەردەگیرێت، لەگەڵ دۆخ و ژیانی ئەمڕۆیاندا ناگونجێت. بێگومان لە باجدا پارێزگایەك لەچاو ‏پارێزگایەكی تر غەدری لێ دەكرێت، بۆیە دەسەڵات دراوە بە وەزیری دارایی لە یاساكەدا كە ‏لێخۆشبوون دەربكات".‏

بەڵام وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەكەیدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە كابینەی نۆیەمدا ‏‏"زۆرترین چاكسازی لە باجدا كراوە" دەڵێت "باج بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا ‏كراوە".‏