وەزارەتی دارایی وەڵامی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكان دەداتەوە

14-12-2023 05:35
زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم قسەكانی بەڕێوەبەری پێشووی باجەكان دەربارەی بڕی باج لە هەرێم بە ‏‏"درۆیەكی شاخدار و ناپاكی لە خەڵك و حكومەتی هەرێم" ناو دەبات و دەڵێت "بە مافی خۆمانی ‏دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەكار بگرینە بەر".‏

دوو ڕۆژ لەمەبەر، زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، ‏لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی "ئێمە ئەوكات ساڵانە بەس لە داهاتی باج دەگەیشتینە ‏‏800 ملیار دینار، بەس لەبەر مەقاسەی عێراق بە ڕەسمی دەمانوت 220 ملیار دینار، واتە ئەو ‏ژمارەیەمان داخڵ دەكرد و دەنووسی".‏

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی ناوبراوی داوەتەوە و دەڵێت ‏‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگیی حكومەتی فیدراڵیی عێراق و لە ‏ڕێگەی لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی، هەموو داتا و ژمارە ڕاستەقینەكانی داهات و باجی ناوخۆی ‏ئاشكرا كردووە و ئەو پرسە كۆتایی هاتووە".‏

وەزارەتەكە دەشڵێت "ورووژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی ‏هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ئامانجێكی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە ‏پرسی ڕوونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە ‏زیانی خەڵكدا بەرەو خراپی بڕۆن".‏

وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "كێشەی یاسایی ‏هەبووە" و دەڵێت "لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ‏دەستپاكیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی، كراوە".‏

زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە "دادپەروەری لە سەپاندنی باجدا نبووە" و دەشڵێت "ئەو باجەی ئەمڕۆ لە هاووڵاتیان ‏وەردەگیرێت، لەگەڵ دۆخ و ژیانی ئەمڕۆیاندا ناگونجێت. بێگومان لە باجدا پارێزگایەك لەچاو ‏پارێزگایەكی تر غەدری لێ دەكرێت، بۆیە دەسەڵات دراوە بە وەزیری دارایی لە یاساكەدا كە ‏لێخۆشبوون دەربكات".‏

بەڵام وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەكەیدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە كابینەی نۆیەمدا ‏‏"زۆرترین چاكسازی لە باجدا كراوە" دەڵێت "باج بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا ‏كراوە".‏