عوسمانی حاجی مەحمود بۆ خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان: بەشداربن لە هەڵبژاردن و دەنگ بدەن
پەرەگراف
عوسمانی حاجی مەحمود کەسایەتی سیاسی و یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پێشووی گۆڕان و پێشتری یەکێتی، لە پەیامێکدا داوا لە خەڵکی کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان دەکات بەشداربن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دەنگ بدەن.
"بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەوناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆهەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بەپرسە سیاسی و حزببییەكان نەكرێن" عوسمانی حاجی مەحمود وادەڵێت.
دەقی پەیامێک لە عوسمانی حاجی مەحمودەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، كوردانی دانیشتوی كەركوك و ناوچە دابرێنراوەكان، هەمووتان دەزانن کێشەی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی مێژویی نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەرکی هەمو تاکێکی کوردستانییە، بەگرنگی و گیانی نەتەوەییەوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێست وەربگرین، لە هەوڵدان و خەباتکردن بەردەوامبین بۆ یەكلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە، بۆیە سەرەڕای بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا وکەموکورتیە کانیتر، سەرەرای بونی هەر تێروانین و رەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە، داواکارم لە هەمو کوردستانیانی ئەو ناوچانە، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن، چونكە بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەوناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆهەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بەپرسە سیاسی و حزبییەكان نەكرێن و بون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن.
عوسمانی حاجی مەحمود
14/12/2023