ئەمساڵ لە سلێمانی دەستبەسەر 389 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە

14-12-2023 01:34

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی، ئاماری کارو چالاکییەکانی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو بەپێی ئامارەکە، دەستبەسەر 389 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوەو 84 بازرگان دەستگیر کراون.

ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە تەشەنەسەندندایەو بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لەماوەی ٨ ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر "زیاتر لە ١٤ هێندە زیادی كردووە. بەڕێژەی سەدیش، لەسەدا هەزار و ٤٢٠ بەرزبووەتەوە".

بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی ٢٠١٤دا تەنها ١٤٢ كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا،  ٢٠١٧ كەس دەستگیر كراون.

شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.