کەرکوکییەکان دوای ١٨ ساڵ دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان؛ موفاجەئە ڕوو دەدات؟

13-12-2023 07:38

پەرەگراف

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی لایەنەکان لە کەرکوک تووندتر دەبێتەوە، پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتر بە خیانەتکردن لە کەرکوکییەکان و چاویان لە بردنی زۆرترین دەنگی کوردانی ئەو شارەیە، لەو نێوەندەدا نەوەی نوێ وەک جوڵانەوەیەکی نوێ، بانگەشەی ئەوەدەکات کە هەفتەی داهاتوو دەبێتەوە بە موفاجەئەی هەڵبژاردن.

١٨ی ئەم مانگە کەرکوکییەکان دوای ١٨ ساڵ دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا کە ژمارەیان ١٥ ئەندام و کۆتایەکی مەسیحییە، هەڵبژاردنەكە گرنگ و جێی بایەخی لایەنەكانە، بەتایبەت لە کەركوك کە چەقی ململانێكەیە بۆ ناوخۆی لایەنە كوردییەكان و كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەش.

لە دوای ساڵی 2003وە كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد لە کەرکوک بێدەسەڵات نەبووە، هەربۆیە چاوی لەوەیە لەڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەست بهێنێتەوە ئەوەش بە بردنەوەی زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا.

کەرکوکییەکان لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تووشی نەهامەتی و دەردەسەریی زۆر بوون، لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوانە بەشێکن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی نێوان لایەنەکان و هەریەکەیان پەنجەی تۆمەت و خیانەت بۆ ئەوی دیکە ڕادەکێشێت، یەکێتی و پارتی هەریەکەیان ئەوی دیکەو نەوەی نوێش هەردووکیان بە خەتاباری ئەو ماڵوێرانییەو سەرچاوەی نەهامەتییەکان دەزانێت کە بەسەر کوردانی ئەو پارێزگایەدا هاتووە.

بەپێی بەراوردی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشتر لە کەرکوک، پارتی و یەکێتی جار لەدوای جار ژمارەی دەنگەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر داکشاوەو بە پێچەوانەوە نەوەی نوێ دەنگەکانی نزیکەی دوو ئەوەندە زیادی کردووە.

یەکێتی کە بەردەوام زۆرترین دەنگی کەرکوکییەکانی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠١٨دا ١٨٣ هەزارو ٢٨٣ دەنگی بەدەست هێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ کە هاوپەیمان بوون لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە هەردووکیان تەنها ٦٣ هەزارو ٣٧١ دەنگیان بەدەستهێنا، بەوەش بەراورد بە ٢٠١٨ یەکێتی ٣ هێندە دەنگەکانی کەمی کرد.

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەهۆی لێکەوتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەشداری لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمان عێراق نەکرد لە کەرکوک، بەڵام لە ٢٠١٤دا ئەو حیزبە ٦٣ هەزارو ٧٦ دەنگی بەدەستهێناو لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ دەنگەکانی کەمیکرد بۆ ٤٩ هەزارو ٦٣١ دەنگ.

ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ مانگی نەوەی نوێ بوو، کاتێک ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق بوون بە موفاجەئە بۆ ئەو جوڵانەوەیە لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە موفاجەئەکەشیان لە کەرکوک بوو، بۆ یەکەمجار لایەنێکی کوردی هاوشانی پارتی‌و یەكێتی چووە ناو هاوكێشەكانی ئەو شارەوەو كاندیدێكی کورد لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.

یەکەم بەشداریی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی کەرکوک ساڵی ٢٠١٨ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق، لەو هەڵبژاردنەدا جوڵانەوەکە دەنگەکانی نەگەیشتنە بردنەوەی کورسییەکی پەرلەمان و تەنها ١٣ هەزارو ٩٦ دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە ٢٠٢١دا دەنگەکانی نزیکەی دوو هێندە هەڵکشان و نەوەی نوێ ٢٥ هەزارو ٤٠٩ دەنگی بەدەستهێناو، لە بازنەی یەکی هەڵبژاردن لە کەرکوک کە زۆربەی ناوچە كوردنشینەكان دەگرێتەوە، كاندیدەکەی نەوەی نوێ دووەم زۆرترین دەنگی بازنەكەی بردەوەو گەیشتە پەرلەمانی عێراق.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، ١٨ی ئەم مانگەش دەنگی زۆرینەی هەرە زۆری کوردانی کەرکوک دابەش دەبن بەسەر هەرسێ لایەنی یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ داو حیزبەکانی دیکە چانسی بردنەوەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگایان نابێت، کەرکوکییەکان ڕۆژی دەنگدان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە کە ئایا نەوەی نوێ دەکەنەوە بە موفاجەئەیەکی دیکەی هەڵبژاردن یاخود متمانە بە یەکێتی و پارتی دەدەنەوە؟.