گۆڕان، ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت

12-12-2023 06:22
ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت و ئەمڕۆ دەرگای خۆ پاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستانە كردەوە.

ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕایگەیاند "لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری دوایین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی كە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو درا، سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بە گوێرەی ڕێكارە دەستوورییەكان و وەكوو یەكەم هەنگاوی دەستپێكی پڕۆسەكە، لە ئەمڕۆوە دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە".

ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف بڕیارە دوو هەفتەی دیكە پڕۆسەكە بەڕێوە بچێت.

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێكردنی بزووتنەوەكەیە و لە ڕێكخەری گشتی ‌و شەش ئەندامی دیكە پێك دێت. دوای شكستی گۆڕان لە ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق، ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان ڕاگەیاند، بەڵام بزووتنەوەكە نەیتوانی شوێنەكانیان پڕ بكاتەوە و بەشێكیان لە پۆستەكانیان مانەوە.‎

بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتیی بزووتنەكە كە ئەندامی خانەیە و لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێردرێت، ئەوانی دیكە سەرجەمیان لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسەند دەكرێن.

هەر بەپێی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، دوو ساڵ جارێك دەبێ و تەنها بۆ سێ خول بۆیان هەیە خۆیان بۆ هەمان پۆست كاندید بكەنەوە.

هەڵبژاردن بۆ باڵاترین پۆستەكانی ناوخۆی گۆڕان لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، ئەو كێشانەی بەرۆكی گۆڕانیان گرتووە و لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە بوون بەهۆی جیابوونەوەی چەندین كەسایەتی و گرووپ لە بزووتنەوەكە، هێشتا وەك خۆیانن.

هەرچەندە گۆڕان چەندین جار بانگەوازی بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و كاری پێكەوەیی بۆ هەستانەوە كردووە، بەڵام بانگەوازەكان بێكاریگەر و كێشەكان بێچارەسەر ماونەتەوە. ناڕازییەكان ئامادە نین بگەڕێنەوە ناو بزووتنەوەكە و بەرپرسانی گۆڕان تۆمەتبار دەكەن بەوەی خەمساردن لە ئاست جێبەجێكردنی داواكانی ئەوان و پڕۆسەی هەستانەوەی گۆڕان.

دیارترین پرۆژەی ناڕازییەكان بۆ هەستانەوەی گۆڕان، پرۆژەكەی عوسمانی حاجی مەحموود و هاوڕێكانی بوو كە لەژێر ناوی "چەند ‏بنەمایەك بۆ ساغكردنەوە و ڕێكخستنەوە و هەستانەوەی بزووتنەوەی ‏گۆڕان"، پێشكەشی بزووتنەوەكەی كرد.

‏"ساغكردنەوەی ناسنامە و ڕاستكردنەوەی گوتاری سیاسیی بزووتنەوەكە، ‏یەكلاییكردنەوە و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی گۆڕان و كۆمپانیای وشە، ‏كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت، ڕۆڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا لە ‏بزووتەوەكەدا بەپێی ڕێكارە حیزبییەكان، لێپرسینەوە لەوانەی كە لە ‏گەندەڵی تێوەگلاون، ڕۆڵبینینی گۆڕان وەكوو ئۆپۆزسیۆنێكی بوێر و ‏چالاك"، ئەمانە لە گرنگرترین خاڵەكانی پرۆژە 17 خاڵییەكەی عوسمانی حاجی ‏مەحموود بوون.‏

سەرچاوەیەكی باڵا كە بە وردی ئاگاداری گفتوگۆی نێوان گۆڕان و عوسمانی حاجی مەحموود و هاوڕێكانی بوو، بە پەرەگرافی وت "ئەو پرۆژەیەش وەك سەرجەم هەوڵەكانی دیكە بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و گەڕانەوەی ناڕازییەكان شكستی هێنا و گفتوگۆكان بە یەكجاری كۆتاییان هات".

لەبارەی هۆكاری شكستهێنانی، ئەو سەرچاوەیە وتی "دوو پرسی سەرەكی هەن كە گۆڕان ئامادە نییە هیچ هەنگاوێكیان لەبارەوە بنێت و یەكلاییان بكاتەوە، یەكەمیان پەیوەندیی بە كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە هەیە، هەر لە ڕۆڵ و پێگەی سیاسی و خاوەن بڕیارییان لەناو گۆڕان و پەیوەندیی داراییان لەگەڵ بزووتنەوەكە، بەتایبەت خاوەنداریی گردی زەرگەتە و كۆمپانیای وشە، دووەمیان پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسی گۆڕانەوە هەیە بە كشانەوەی لە حكومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنێكی جددی و كاریگەر".