پەرەگراف
هەوڵی عەرەب و توركمانەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شكستی هێنا و دادگای فیدراڵی ئەو سكاڵایەی ڕەت كردەوە كە بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كرابوو.
دیلان غەفوور، نوێنەری كەركووك لە پەرلەمانی عێراق كە ئاگاداری بڕیارەكەی دادگایە بە پەرەگرافی وت "سكاڵاكە ڕەت كرایەوە و ڕۆژی 18ی ئەم مانگە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، هەڵبژاردن لە كەركووكیش دەكرێت".
سکاڵاکارەکان دوو کاندیدی عەرەب و تورکمان بوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، داوایان لە دادگا کردبوو بڕیار بدات بە دواخستنی هەڵبژاردن کەرکوک، پاساوەکەشیان ئەوەبوو ئەو ماددەیەی یاسای هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراوە کە باس لە ئەنجامدانی وردبینیی و پاککردنەوەی تۆماری تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکات، بەڵام دادگا سکاڵاکەی ڕەتکردنەوە.
لایەنە كوردییەكانی كەركووك پێیان وایە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن سوننە و توركمانەوە بۆ ئەوەیە لەو پۆستانەی كورددا بمێننەوە كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، لەناویشیاندا پۆستی پارێزگاری كەركووك. ترسیان لەوە هەیە بە هەڵبژاردن ئەو پۆستانە بۆ كورد بگەڕێنەوە.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ١٨ ساڵە لە كەركووك و ١٠ ساڵە لە تەواوی عێراق نەكراوە، ماوەی چوار ساڵیشە پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هێناوە.
هەڵبژاردنەكە گرنگ و جێی بایەخی لایەنەكانە و كەركووك چەقی ململانێكەیە بۆ ناوخۆی لایەنە كوردییەكان لەلایەك و، كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە لە لایەكی دیكە. كورد چاوی لەوەیە لەڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە پۆستی پارێزگاری كەركووك بەدەست بهێنێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 15 كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت. كورد بە پێنج لیستی جیا لەو پارێزگایە بەشدارە لە هەڵبژاردنەكەدا. یەكێتی و حیزبی شیوعیی كوردستان پێكەوە بە هاوپەیمانێتییەك بە ناوی (كەركووك هێز و ئیرادەمانە) بە ژمارە 142؛ پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ژمارە 197، جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167، هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری بە هاوپەیمانیی (مەشخەڵی كەركووك) بە لیستی ژمارە 163 و پارتی سوسیالیست دیموكراتی كوردستانیش بە تەنها بە لیستی ژمارە 202 لە هەڵبژاردنەكەدا بەشدارن.
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا، (لیستی برایەتیی كەركووك) كە لیستێكی كوردستانی بوو، 26 كورسیی لە كۆی ٤١ كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش كورد پۆستی پارێزگاری كەركووكی بردەوە، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، كورد پۆستی پارێزگاری لەدەست دا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵی لاواز بوو.
لایەنە كوردستانییەكان لە هیچ پارێزگایەكی ناوچە دابڕاوەكان نەیانتوانی لە هاوپەیمانییەكی كوردیدا و لەژێر چەترێكدا كۆببنەوە، لە پارێزگای نەینەواش كە بەشێكی دانیشتوانەكەی كوردە، حیزبە كوردستانییەكان بە سێ لیست و هاوپەیمانی بەشدارن لە هەڵبژاردنەكە و زۆرینەی دەنگی كورد لە قەزاكانی مەخموور و شنگالن.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 كورسییە، پارتی بە 52 كاندید و یەكێتیش بە 25 كاندید لەگەڵ كاندیدەكانی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وەكوو سێ لایەنی كوردی، لە كێبڕكێدان.
لە دیالەش كە بەشێكی پارێزگاكە كوردستانییە و زۆرترین دەنگی كورد لە خانەقینە، كورد بە سێ لیست بەشدارە و بە هەمان شێوە پارتی و یەكێتی و سۆسیالیست كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی كورد دەكەن بۆ ١٥ كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاكە.
پارێزگای سەلاحەدینیش چەند ناوچەیەكی كوردستانییە و دەنگی كوردی تێدایە، وەكوو دوزخورماتوو و ئامرلی و سلێمان بەگ، بەڵام لایەنە كوردستانییەكان لەم هەڵبژاردنەدا لیستیان نییە پارتی و یەكێتی و شیوعی بە هەبوونی كاندید لەناو لیستە عەرەبییەكاندا دەیانەوێت نوێنەریان لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە هەبێت كە ١٥ كورسیی بۆ دیاری كراوە.
بڕیارە هەڵبژاردنەكە لە ١٨-١٢ بەڕێوە بچێت و 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە سەرتاسەری عێراق پێنج هەزار و ٩١٥ كاندید كێبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی ٢٨٥ كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە ١٠ كورسییان بۆ كۆتاكان دیاری كراوە، ئەنجوومەنەكان ئەركیان هەڵبژاردنی پارێزگار و چاودێریی حكومەتی خۆجێییە.