موسەنا ئەمین: سبەینێ‌ كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك ناكرێت

11-12-2023 02:47

پەرەگراف

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "كۆبوونەوەكەی سبەینێ‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت، مەگەر وادەیەكی دیكە دیاری بكرێت". موسەنا ئەمین دەشڵێت "ئەوەی كە هەبووە، پێشنیارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە فەرمی هیچ وادەیەكی بۆ ئەو دانیشتنە دیاری نەكرد".

ئەوە لەکاتێکدایە پەیجی فەرمیی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوک ئەمڕۆ نووسراوێکی بە ناوى پەرلەمانەوە بڵاو کردەوە کە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو ڕۆژی چوارشەممە ١٣-١٢-٢٠٢٣، دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بە کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمیش، موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ئاشكرایشی كرد كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا پێی ڕاگەیاندوون كە پێشنیارێكی باشی ئامادە كردووە بۆ "هەمواری بودجە تایبەت بە مووچە".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد كە "ئیرادەیەكی ڕاستەقینە لە بەغداد هەیە كە مووچە ببرێتە دەرەوەی ململانێكان".

هەروەها سەبارەت بە سێ‌ مووچەی كۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم، موسەننا ئەمین وتی "لە ئەستۆی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمدایە و دەبێت لە هەمواری یاسای بودجەدا پارەی بۆ دابین بكرێت".