مەسرور بارزانی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان نامە بۆ فایەق زێدان و پلاسخارت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەنێرێت

11-12-2023 01:38

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنیان، نامەیەکی بۆ هەریەکە لە فایەق زێدان و پلاسخارت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن نارد.

 میدیای سەرۆکی حکومەت بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پشتیوانی تەواوی حکومەتی بۆ مافی پێکهاتەکانی کوردستان دووپات کردەوە.

"سەرۆکی حکومەت لەمبارەیەوە نامەیەکی بۆ هەر یەک لە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، جينين هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی  کۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق نارد و تێیدا نیگەرانیی و ناڕەزایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی و داوایکردووە کە ڕێگری لەم هەوڵانە بکرێت و مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێت و پارێزراو بێت".

دوێنێش مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو وتی، پێویستە پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "سەبارەت بە بابەتی میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بوونی هەندێ هەوڵ بۆ گۆڕین و دەسكاریكردنی كورسی و مافەكانی پێكهاتەكان و چۆنیەتیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن، تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیەیە كە پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت".

"پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكهەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

سكاڵایەكی یەكێتی كە بڕیارە 27ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە دەر بكات، پارتی و پێكهاتەكانی لە هەولێر نیگەران كردووە و كورسییەكانیان لە بەردەم دابەشكردن بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدایە، لە كاتێكدا پێشتر بە یەك بازنەی هەڵبژاردن كورسییەكانیان یەكلا كراوەتەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەیەو پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی سكاڵایەكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە.

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان و بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.

دادگای فیدراڵی عێراق لە دواین دانیشتنی ئەو دۆسیەیەدا داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی كرد لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان، دواخستنی بڕیاردان لەبارەی سكاڵاكە بۆ 27ی ئەم مانگە، پەیوەندیی بە تاوتوێی زیاتری پێشنیارەكانی كۆمسیۆنەوە هەیە لەلایەن دادگاوە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ئەو سێ بازنەیە بكرێن، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.

١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانیش دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەنەكان.

بەشێك لە حیزب و نوێنەرانی پێكهاتەكانی توركمان، كلدان و سریان و ئاشووری و ئەرمەن دوێنێ لە هەولێر كۆبوونەوە و پێشنیارەكەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیان بۆ دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت كردەوەو جەخت دەكەنەوە كە دەبێت هەڵبژاردن بۆ كورسیی پێكهاتەكان دەبێت بە یەك بازنە بێت.

مونا قەهوەچی، یەكێك لە نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان، وتی "ئەو پێشنیازەی كە كۆمیسیۆن ئاراستەی دادگای فیدراڵیی كردووە، تەنیا بۆ پارچە پارچەكردنی كۆتاكانە". هەروەها وتیشی، كە ئەگەر وەڵامی داواكارییەكانیان نەدرێتەوە، پەنا بۆ "بایكۆتی هەڵبژاردن و خۆپیشاندانی مەدەنی" دەبەن.

مونا قەهوەچی دەڵێت "لە ڕووی یاساییەوە كە ئێستا پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت كاری یاسایی خۆی بكات، هیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە دەستكاریی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دوای ئەوە پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت بە پرۆژەیاسایەك هەمواری یاساكە بكات".

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎.

ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوە چوو، زیاد جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و یاسا".

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ڕایگەیاند "سكاڵامان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ‌ هاتووە".

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو شێوەیە بووە.