پەرەگراف
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی پێدانی ٧٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئەوە دەخاتەڕوو، رۆژی هەینی نووسراوێكی كردووە تایبەت بە پێدانی قەرز بە بڕی 700 ملیار دینار بە حكومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران کە دواتر لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پاش پابەندبوون بە ماددەكانی یاسای بودجە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەو قەرزە لە چوارچێوەی سووربوونە لەسەر جێبەجێكردنی رێككارەكان بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023دا هاتووە، لەوانەش دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی كەسانی شایستە، هەروەها وەک پشتڕاستکردنەوەی ویستی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەكانی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوری.
حکومەتی هەرێم چاوەڕێی گەیشتنی ئەو قەرزەیە تا مووچەی مانگی ٩ دابەش بکات، ئەوە لە کاتێکدایە ١٠ ڕۆژ لە مانگی ١٢ تێپەڕبووەو بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەت مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت و چارەنووسی ئەو سێ مانگە نادیارە.
قەیرانی مووچە حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی دۆخێکی سەخت کردووەتەوە، نزیکەی سێ مانگە خوێندن دەستی پێکردووەو وەرزی یەکەم لە کۆتاییدایەو لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک دۆخەکە ئاساییەو قوتابخانەکان کراوەن و مامۆستایان دەوام دەکەن، بەڵام هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووەو چارەنووسی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار خوێندکار بە نادیاریی ماوەتەوە.