وەرزی یەكەمی خوێندن لە كۆتاییدایە و مامۆستایان سوورن لەسەر بایكۆت

10-12-2023 01:40

پەرەگراف

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ڕایدەگەیەنن، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی دامەزراو كۆدەبنەوە و "پلانی بایكۆت بۆ وەرزی دووەمی خوێندن" ڕادەگەیەنین.

ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستاسانی وانەبێژ پاش كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، وتیان "حكومەتی هەرێم هیچ ڕێگەچارەیەكی بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و وەڵامدانەوەی داواكاریی مامۆستایانی دامەزراو پێ‌ نییە، بۆیە بایكۆت بەردەوام دەبێت".

هەر ئەمڕۆ لە سێمانی، قەڵادزێ‌، كەلار و هەڵەبجە گردبوونەوەی مامۆستایان بەڕێوە چوو و جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كردەوە.

وەرزی یەكەمی خوێندن لە كۆتاییدایە و تا ئێستا لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆت بەردەوامە. چارەنووسی خوێندنی سەدان هەزار خوێندكار لە مەترسیدایە.

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، ئەگەر داواكارییەكانی مامۆستایان جێبەجێ‌ بكرێت، لە وەرزی دووەمدا خوێندن دەست پێ‌ دەكاتەوە و ئەوكات دەبێت وەزارەتی پەروەردە پلان و ڕێگەچارەیەك بۆ نیوەی خوێندنی فەوتاوی ئەمساڵ دابنێت.

وتیشی "یەكێك لە چارەسەرەكان ئەوەیە كە وەزری دووەم بۆ كۆی ساڵەكە حیساب بكرێت، چونكە بە هیچ شێوەیەك تازە قەرەبووی وەرزی یەكەمی خوێندن ناكرێتەوە".

هەر ئەمڕۆ لە هەڵەبجە، مامۆستایان سكاڵایان لەسەر ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان تۆمار كرد، لە بەرانبەر ئەوەی كە مامۆستایانی تۆمەتبار كردووە بەوەی "لەلایەن حیزبێكی سیاسییەوە پاس و ئوتێلیان بۆ گیراوە تا بچنە بەغداد بۆ خۆپیشاندان".