لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی سۆران پێك هێنرا؛ 'دوو کەس دەستبەسەرن'

09-12-2023 10:55

پەرەگراف

لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی سۆران پێك هێنرا كە بەهۆیەوە 14 كەس گیانیان لەدەست دا و دوو کەس دەستبەسەر کراون. چوار كەس لەوانەی گیانیان لەدەست داوە، سێ‌ خوشك و برای مامۆستای زانكۆ و قوتابیی خوێندنی باڵان لەگەڵ دایكیان.

شەوی ڕابردوو باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاگری گرت، لە ئەنجامدا 14 كەس گیانیان لەدەست دا كە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت "سەرجەمیان بەهۆی دووكەڵەوە خنكاون". هەروەها حەوت كەس لە ڕووداوەكەدا بریندار بوون.

سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران ڕایگەیاند "خاوەنى باڵەخانەکە و خاوەنى ئەو مۆبیلیاتەى کە ئاگرى گرتووە، دەستبەسر کراون و لێکۆڵینەوە لەلایەن ئەو لیژنەیە دەستى پێ کردووە کە وەزارەتى ناوخۆ پێکى هێناوە".

ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە، وەكوو شوێنی مانەوە لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و قوتابی و خەڵكانی دیكەوە بەكار هێنراوە.

دوو خوشك و برایەكی بە ڕەگەز عەرەب، كە پێكهاتوون لە هەریەك لە د. محەمەد وەحید دەحام و د. ئیلهام وەحید مامۆستای زانكۆی سۆران و ڕەنا وەحید، خوێندكاری دكتۆرا، لەگەڵ دایكیان لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەست داوە.

د. شێروان شەریف قۆرتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، دەڵێت "ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە، پەیوەندیی بە زانكۆی سۆرانەوە نەماوە و سێ ساڵە بەهۆی جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكانی سەلامەتی، وەكو بەشەناوخۆیی زانكۆ گرێبەستمان لەگەڵ نوێ نەكردووەتەوە".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ڕووداوی ئاگركەوتنەوە پێكهێناوە كە "بەزووترین كات دەستبەكار بن و لێكۆڵینەوە بكەن لە هۆكارەكانی ڕووداوەكە و مەرجەكانی سەلامەتی لە باڵەخانەكە و لایەنی كەمتەرخەم دەست نیشان بكەن".