پەرەگراف
دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە".
دژەتیرۆر زانیاریی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میلیشیا شیعەکان لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندینجار هێرشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەولێرو هەریر بە پاساوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمەریکا.
هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشکرایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووەو سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی دەکات.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوەو دەڵێت "کاژێر 4:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، 8ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرش بووەوە، هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانە پێنەگەیشتووە".
باڵیۆزخانەکە گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن".
"جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین وەکو ئەوەی پێشتریش کردوومانە، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی تاک و پێگەی نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین" وتەبێژی باڵیۆزخانەکە وادەڵێت.
هەرلەسەر ئەو هێرشە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داو دەکات ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکرێن و دەڵێت "هیچ پاساوێک بۆ کردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەکان نییە".
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ئەنجامدانی زیاتر لە 70 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.
ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ڕۆژی 3-12-2023 ئەمەریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری سەربە بزوتنەوەی نوجەبای کرد لە نزیک کەرکوک کە بووەهۆی کوژرانی ٥ چەکداریان، نوجەبا نزیکە لە ئێران و بەشێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی شيعەکان کە خۆیان بە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی".
ئەو هێرشەی ئەمەریکا دووەم هێرشی ئەو وڵاتەیە بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە کوژراوی لێ بکەوێتەوە، دوو هەفتە پێشتریش هێزەکانی ئەمەریکا گروپێکی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی جرف السخر لە باشوری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت کە تێیدا ٨ چەکداری کەتائیبی حیزبوڵای عێراق کوژران.