بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ: وام دەزانی ئەگەر تاوان ‏ئاشكرا بكەم ڕێزم لێ دەگرن كەچی دەریان كردم

07-12-2023 05:31

پەرەگراف

بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت "حەوت ساڵە ‏حەوزی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ پاك نەكراوەتەوە و قەسابخانەكەی ‏لە زبڵدان پیسترە". دەشڵێت "وام دەزانی ئەگەر تاوان ئاشكرا بكەم، ڕێزم ‏لێ دەگرن، كەچی دەریان كردم".‏

دكتۆر فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ، لە ‏ڕوونكردنەوەیەكدا باس لە "هۆكاری ناچاركردنی بە دەسلەكاركێشانەوە" ‏دەكات، لە كاتێكدا وەكوو خۆی دەڵێت "ئەوەی من و هاوڕێكانم لە ماوەی ‏دەسبەكاربوونما بۆ تەندروستیی چەمچەماڵمان كرد، بەدرێژایی هەموو ‏ڕابردووی ئەو سێكتەرە و ئەم شارە، نەكرابوو".‏

دكتۆر فەرهاد محەمەد دەربارەی ئەوەی بۆچی لە پۆستەكەی لابراوە، ‏دەڵێت "سوودی چییە، وا هەموو خەڵكی چەمچەماڵ و كوردستان زانییان ‏كە حەوزی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ حەوت ساڵە پاك ‏نەكراوەتەوە و پڕ بووە لە زبڵ و پیسی و خاشاك، من لەسەری هاتوومەتە ‏دەنگ و لەسەر ئەوە دەریان كردووم؟!".‏

‏"سوودی چییە، ئەگەر هەموو خەڵكی چەمچەماڵ ئاگادار بكەمەوە كە ‏قەسابخانەكەیان لە زبڵدان پیسترە و هەرچی مەرجی تەندروستی هەیە ‏تێیدا نییە"، دكتۆر فەرهاد وا دەڵێت.‏

هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ باس لەوە دەكات كە ‏‏"حەوزی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ، حەوت ساڵە بەهۆی تاكە ‏كەسێكەوە كە خانووی لەسەر حەوزەكە دروست كردووە و ڕێگر بووە لە ‏پاكردنەوەی، پاك نەكراوەتەوە".‏

دەقی ڕوونكردنەوەكەی دكتۆر فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری پێشووی ‏تەندروستیی چەمچەماڵ:‏

لەجیاتی ڕوونكردنەوە
ژمارەیەكی زۆر لە دۆست و هاوڕێانم، چەند ڕۆژێكە داوای ئەوەم لێ دەكەن ‏ڕوونكردنەوەیەك بنووسم و هۆكاری ئەوە ئاشكرا بكەم كە بۆچی ناچاریان ‏كردم دەست لەكار بكێشمەوە؟!‏

لە كاتێكدا پێشتر خۆم دووجار داوام كردبوو كە دەست لەكار بكێشمەوە، ‏بەڵام قبووڵ نەكرابوو، كاتی خۆیشی تەكلیفیان لێ كردم ببمە بەڕێوەبەر، ‏نەك خۆم داوام كردبێ.‏

ئەوەی من لەگەڵ هاوڕێكانمدا لە ماوەی دەسبەكاربوونما بۆ تەندروستیی ‏چەمچەمالمَان كرد، بەدرێژایی هەموو ڕابردووی ئەو سێكتەرە و ئەم شارە، ‏نەكرابوو.‏

ئیستا بۆچی لام دەبەن؟!‏

وەڵامەكەی من لەم چەند ڕۆژە هەر ئەوە بوو كە من بێئومێد بووم لە ‏قسەكردن و چیتر نامەوێ قسە بكەم.‏

سوودی چییە، وا هەموو خەڵكی چەمچەماڵ و كوردستان زانییان كە ‏حەوزی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ حەوت ساڵە پاك ‏نەكراوەتەوە و پڕ بووە لە زبڵ و پیسی و خاشاك، من لەسەری هاتوومەتە ‏دەنگ و لەسەر ئەوە دەریان كردووم؟!‏

سوودی چییە، ئەگەر هەموو خەڵكی چەمچەماڵ ئاگادار بكەمەوە كە ‏قەسابخانەكەیان لە زبڵدان پیسترە و هەرچی مەرجی تەندروستی هەیە ‏تیای نییە؟!‏

من ویستم ئەمجارەیان وەك پێشوو نەكەم، وەكوو ئەو هەموو بەڕێوەبەری ‏فەرمانگە و بەرپرسی حیزبی و ئاغا و كوێخا و خاوەن دیوەخان و ‏پیاوماقووڵانی شار و بەحساب نووسەرو ڕۆژنامەنووسی شار، دەست بگرم ‏بە كڵاوەكەی خۆمەوە و بێدەنگ ببم و بەبێ بێدەنگی ئەو شارە بۆ ‏هەتاهەتایە بەجێ بێڵم و خەریكی ژیانە تایبەتەكەی خۆم بم.‏

ئەو خەڵكەی كە دەزانم هیچیان پێ ناكرێ و ئاگاداركردنەوەیان لەو تاوانە ‏گەورەیەی چەندین ساڵە دەرحەق بەوان دەكرێ و سەرەڕای ئەوەی شاری ‏چەمچەماڵ بەتەنها خۆی بەقەد هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانی ‏سروشتی هەیە، كەچی ئاوی خواردنەوەی نییە و پانزە ڕۆژ جارێك ئاویان ‏دەدرێتێ و ئاوەكەش لەناو زبڵداندا حەوت ساڵە گلدەدرێتەوە، سوودی ‏چییە ئاگادریان بكەمەوە؟!‏

وا ئێستا ئاگادارم كردنەوە و بە هەموو دەنگم هاوار دەكەم: حەوت ساڵە ‏حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارەكەیان پاك نەكراوەتەوە، قەسابخانەكەشیان ‏هیچ مەرجێكی تەندروستیی تیا نییە، بزانم چەند كەس لەجیاتی من ‏دێنە دەنگ؟!‏

وام زانی ئەگەر تاوان كەشف بكەم، ڕێزم لێ دەگرن، كەچی دەریان كردم!‏

وام زانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندی و سەنتەری گورچیلەی دەستكرد و ‏سەنتەری پسپۆڕیی ددان و سەنتەری فریاكەوتن و خودەج و پزیشكی ‏دادوەری و دەیان هۆبە و بەش و هۆڵی منداڵبوون و دوو نەخۆشخانە و ‏سەدان ئامیری پزیشكی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمان و ئیسعاف و بە ‏بڕی هەشت ملیار دینار كەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندروستی ئەم ‏شارە بكڕم، پەیكەری ڕیزلێنانم بۆدروست دەكەن و منداڵەكانم شانازی بە ‏پەیكەرەكەی باوكیانەوە دەكەن، كەچی لەبەر خاتری خاترداران كە ‏خانوویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەكە دروست كردبوو، دەریان ‏كردم.‏

وامزانی ئەگەر لەسەر منداڵی قادركەرم بێمە جواب كە بۆچی دانا غاز و ‏سامانە سروشتییەكان چوار كارمەندیان بۆ دانامەزرێنن بۆ ئەوەی ‏مەڵبەندەكەیان دانەخرێ، دەستخۆشیم لێ دەكەن، كەچی دەریان كردم.‏

وامزانی ئەوەی بەڕێوەبەری چاك و ڕاستگۆ و دەستپاك و داوێنپاك و ‏دڵسۆز بێت، پشتگیری دەكرێ، كەچی دەریان كردم.‏

یەكێك لە فەرمانبەرەكانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی كە تەلەفۆنی بۆم كرد، ‏بەدڵی پڕەوە وتی: خەفەت لە هیچ ناخۆم، لەوە نەبێ كاتێك دەهاتین بۆ ‏لات بۆ كڕینی شتێك، كە بێئومێد دەبووی لەوەی ژمێریاری بتوانێ ‏بیكڕێت، لە گیرفانی خۆت پارەكەت دەداینێ و دەمانكڕی.‏

منیش وتم: خۆشم خەفەت لە هیچ ناخۆم، لەوە نەبێ دوای ئەو هەموو ‏تەمەن و ئەو هەموو كتێبەی كە خوێندمنەوە، عەقڵم پێی نەشكا كە ‏ناكرێ لەسەر ڕێگایەكی هەڵە و سیستەمێكی هەڵە بتەوێ بە ڕێكی و ڕاستی ‏هەنگاو بنێی.‏

ڕاستییەكەی ویستم ئەمجارە بێدەنگ بم و قسە نەكەم بەرامبەر ستەم و ‏ستەمكاری، بەڵام نەیانهێشت، هەر ئەوانەی كە هانیان دەدام لەبری ئەوان ‏من واز لە بەرژەوەندیی تاكەكەسیی خۆم بێنم و عیادە و ژیانی تایبەتی ‏خۆم بكەمە قوربانی نەخۆشخانە و ژیانی گشتی، ئەمجارەش نەیانهێشت ‏بێدەنگ بم و قسەم كرد، بزانم ئەنجامەكەی چی و كێ لەسەر مافی گشتی ‏دێتە دەنگ؟!‏

خۆ داواكاری گشتیی ئەم وڵاتە ئەم نووسینەی من دەبینێ، یان كەسێك ‏هەیە پێی بڵێ كە بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە ڕوون و ‏ڕاشكاوی دەڵێ: حەوزی ئاوی خواردنەوەی شاڕێكی گەورەوگران حەوت ساڵە ‏بەهۆی تاكە كەسێكەوە كە ڕێگر بووە لە پاكردنەوەی، پاك نەكراوەتەوە و ‏هەموو بەڵگەكانیش لە كۆمێنت دادەنێم، بزانم داوكاری گشتی لەسەری ‏دێتە دەنگ؟!‏

خۆ داواكاری گشتی ئەم نووسینەی من دەبینێ، یان كەسێك هەیە پێی بڵێ ‏كە بەڕێوەبەری تەندروستیی شارێكی گەورەوگران دەڵێ: قەسابخانەی ئەو ‏شارە هیچ مەرجێكی تەندروستیی تیا نییە، بزانم لەسەری دێتە دەنگ؟!‏

ئەگەر كەسێكی دەسەڵاتداری دڵسۆز هەبوایە و لەسەر مافی گشتی بهاتایەتە ‏دەنگ، ئەوە سەرئەنجامی دەسەڵات و حكومڕانییەكەمان بەو شێوەیە ‏نەدەبوو كە دوای سی و دوو ساڵ لە فەرمانڕەوایی، پەنجا هەزار مامۆستا ‏سێ مانگە لەجیاتی لە پۆلی وانەوتنەوەدا بن، لەسەر جادەن بۆ وەرگرتنی ‏مووچەكانیان.‏

من جارێكی تریش وەكوو هەمیشە هاتمەوە دەنگ و لەبری ئەو چوار ‏پۆستەی كە لە شوێنی بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بۆیان ‏پێشنیار كردووم، بۆ ئەوەی پێنج ساڵی تر لە ژیان و تەمەن و مافی ماڵ و ‏مناڵەكەم بكەمەوە قوربانیی ئەم سیستەمە گێڕ و ناڕێكە و هەر كاتێكیش ‏دەسم برد بۆ گەنجینەی دزراو و ماڵی شووشەبەندی گەوران، بە ‏بیانوویەكی تر دەرم بكەنەوە، من بڕیارم داوە نەك پۆست و پلە و پایە، ‏بەڵكوو فەرمانبەرێتیش لە سایە و سێبەری ئەم سیستەمەدا ڕەفز بكەم و ‏خۆم خانەنشین بكەم.‏

بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژ و ڕۆژگارێك بێت ئەم تەرازووە لاسەنگە ‏ڕاستبێتەوە، ئەگەر تەمەنیش مۆڵەتی نەدا ئەو ڕۆژگارە ببینم، ئومێدم ‏وایە نەوەكانی داهاتوو بە ڕێزەوە ناوی ئێمە بهێنن.‏

د. فەرهاد محەمەد ‏
‏٢٠٢٣/١٢/٧ ‏
بەفرانبار
تێبینی:‏

‏1-‏ دوای ڕاپۆرتەكەی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی ‏سلێمانی، چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا ڕێڕەوێكی لاوەكییان بۆ ‏حەوزەكان دروست كرد و بەبێ ئەوەی خانووە تەجاوزكە بڕمێنن و ‏بەبێ چاودێریی ئێمە و كامێرا، حەوزەكان بەحساب پاككراونەتەوە، ‏بەڵام ئەی ئەو حەوت ساڵەی كە پاكنەكرایەوە؟! كێ لێی بەرپرسە و ‏ئەو سەدان هاووڵاتییەی كە بێگومان بەهۆی پیسیی حەوزەكانەوە ‏تووشی زیانی تەندروستی بوون، كێ لێی دێتە دەنگ؟!‏

‏2- لە ڕاپۆرتەكەی خۆپاراستنی سلێمانیدا بە ڕوونی هاتووە كە حەوزەكان ‏جگە لەوەی پڕە لە زبڵ و حەوت ساڵە پاك نەكراونەتەوە، ڕێگاشی نییە ‏بچێتە سەر حەوزەكان و چاودێری بكەی و كارەبای بەردەوامیشی نییە تا ‏كۆنترۆڵی ئامێری پیدانی كلۆر بكەی بە ڕێژەی گونجاو كلۆر بكرێتە ‏حەوزەكانەوە و سیاجی حەوزەكانیش ڕووخینراوە و ناوچەی موحەرەمە ‏نەماوە بۆ حەوزەكان.‏

‏3- قەڵەمفڕۆشراوەكان ئەوانەی كە پەیجی علوج بەپارەیەكی كەم بۆ ‏مافیاكان دەبەن بەڕیوە دوای ئەم ڕونكردنەوەیە دیسان پەلامارم ئەدەن بۆ ‏ئەوەی شوێنن پێی تاوانی ئاغاكانیان بشارنەوە