بافڵ تاڵەبانی لە بەغداوە کار بۆ دوانەخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات

07-12-2023 03:33
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ٦-١٢-٢٠٢٣

پەرەگراف

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی دوو ڕۆژە لە بەغدایەو بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی کەوتووە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی دوانەخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە کە بڕیارە ١٢ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات کە هەفتەیەک بەرلە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەیە.

بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو مەبەستە چاوی بە سەرۆکوەزیران و سەرکردەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کەوتووە. دادگای فیدراڵی  سەر بە ئەنجومەنی دادوەرییەو بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەن و قابیلی تانەلێدان نین و سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین بڕیاریداوە کە بوونەتە جێی مشتومڕ و دواینیان دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان بوو لە ئەندامێتی پەرلەمان، ڕەخنەگران بەشێک لە بڕیارەکانی دادگاکە بە "بڕیاری سیاسی" لە قەڵەم دەدەن و پێیانوایە "دادگاکە لەژێر هەژموونی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکاندایە".

 تاڵەبانی ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکە، هاریکاریی نێوان لایەنەکان بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەوەرێکی دیدارەکە بووە.

"یەکێتی پشتگیریی تەواوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دەکات لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەتایبەت لە شاری کەرکوک، چونكە دۆخی شارەكە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستی بە گۆڕانکاریی ئیداری و خزمەتی زیاتر هەیە" بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مالکی وای وتووە.

یەکێتی بەرلە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پۆستی پارێزگاری کەرکوکی هەبوو و حیزبی دەسەڵاتداری پارێزگاکە بوو، بەڵام ماوەی شەش ساڵە ئەو ڕۆڵەی پێشتری لە شارەکە نەماوەو چاوی لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگی ناوچە کوردییەکانی کەرکوک بەدەست بهێنێت، بۆئەوەش لە ململانێدایە لەگەڵ لیستی حیزبە کوردییەکانی دیکە.

سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغداد لە کاتێکدایە یەکێتی ترسی هەیە کە دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوابخات، دادگاکە بڕیاردانی لە سکاڵایەکی عەرەب و تورکمانەکان خستووەتە هەفتەی داهاتوو کە داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدرێت و دوابخرێت بەهۆی ئەنجام نەدانی وردبینیی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە.

دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک لایەنی سێیەم بچێتە ناو دۆسیەکەوەو گوتەی لێوەربگیرێت.

سکاڵاکارەکان کە دوو کاندیدی عەرەب و تورکمانن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، داوا دەکەن دادگا بڕیار بدات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پاساوەکەشیان ئەوەیە ئەو ماددەیەی یاسای هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراوە کە باسلە ئەنجامدانی وردبینیی دەکات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە.

لە مانگی هەشتی ئەمساڵ لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک دەستی بە کارەکانی کرد بۆ ئامادەکردنی تۆمارێکی خاوێن بۆ هەڵبژاردن و ڕاپۆرتی خۆی ئاڕاستەی کۆمسیۆن کردووە، بەڵام بەپێی زانیاریی و بەدواداچوونەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، "وردبینییەکە نەکراوەو ئەو لایەنانەی لیژنەی وردبینییان پێکهێناوە هەماهەنگیی تەواو نەبووە لە نێوانیاندا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو کارە بەرلە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە".

لیژنەی وردبینیی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتەکانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتەکانی كەركوك لە پەرلەمان کارەکانی ئەنجام دا، دادگای فیدراڵی بە مەبەستی پرسیارکردن لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی وردبینییەکە سەرۆکوەزیرانی عێراقی خستووەتە ناو دۆسیەکەوە بەرلەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە لەسەر چەند بنەمایەک وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بکرێت، بنەمای یەكەم ئەوەیە، ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی 1957 تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەی زاب و ناحیەی سەرگەڕان، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوكدا دەبێت و مافی دەنگدانیان دەبێت.

بەپێی بنەمای دووەمی وردبینییەکە کە یاساکە دیاری کردووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزراوبون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستوریان گرتووەتەبەر، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت.

بەپێی بنەمای سێیەمیش، ئەو هاوڵاتییانەی لەڕێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003ـەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنوری پارێزگای کەرکوکدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی ماوەی ١٨ ساڵە لە کەرکوک و ١٠ ساڵە لە تەواوی عێراق نەکراوە، هاوکات لە کۆتایی ٢٠١٩وە پەرلەمان کۆتایی بەکارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هێناوە کە ئەوە یەكێك بوو لە داواكاری خۆپیشاندەرانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە.

كەركوك شارێكی گرنگە بۆ كوردو چەقی ناوچە دابڕاوەكانە، لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، هەربۆیە هەڵبژاردنەكە گرنگ و جێی بایەخی لایەنەكانە و كورد چاوی لەوەیە لەڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەست بهێنێتەوە ئەوەش بە بردنەوەی زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کە لە 15 كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت.

لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكدا، (لیستی برایەتیی كەركووك) كە لیستێكی كوردستانی بوو، 26 كورسیی لە كۆی ٤١ كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش كورد پۆستی پارێزگاری كەركووكی بردەوە، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، كورد پۆستی پارێزگاری لەدەست دا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵی لاواز بوو.