شاندی هەرێم بۆ قەرز دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا

07-12-2023 11:44

پەرەگراف

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند "بەم ‏نزیكانە دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا و وەرگرتنی قەرز بۆ سێ‌ مانگی دیكەی ‏مووچە، خاڵی یەكەمی گفتوگۆكانمان دەبێت".‏

ئومێد سەباح لە كەركووك لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتیدا قسەی ‏بۆ میدیاكان كرد و وتی "سەرۆكوەزیرانی هەرێم نامەیەكی فەرمیی ‏بەئامانجی ناردنی سێ‌ 700 ملیار دینار قەرزی دیكە بۆ مووچە، بۆ ‏سوودانی ناردووە، ئەو بابەتە بووە بە بابەتێكی ستراتیژی و گرنگ لای ‏ئێمە و خاڵی یەكەمی گفتوگۆكانمانە".

سەبارەت بە ناردنی سێیەم 700 ملیار دیناری قەرزیش كە لە وادەی خۆی ‏دواكەوتووە و بەهۆیەوە مووچە دابەش نەكراوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی ‏وەزیرانی هەرێم دەڵێت "ڕێكارەكانی ناردنی 700 ملیار دینارەكە تەواو ‏بوون، بڕیاریشە بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت".‏

ئومێد سەباح گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدادی بە "گشتگیر" ناو برد ‏كە پەیوەستن بە "بودجە، نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێم"، وتیشی "گفتوگۆكان بەرەو ئاراستەی باش دەڕۆن".‏

بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و كێشەكانی لەگەڵ بەغداد، حكومەتی ‏هەرێم چەند مانگە نەیتوانیوە مووچە لە وادەی خۆی دابەش بكات، ‏ئێستاش مووچەی مانگەكانی (9، 10، 11)ی مووچەخۆران قەرزارە، ‏بەوهۆیەشەوە پرۆسەی خوێندن لە دوو پارێزگا و دوو ئیدارەی ‏سەربەخۆی هەرێم پەكی كەوتووە.‏