حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچە داوای هەمواری یاسای بودجە دەكات

06-12-2023 07:34


پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران، داوا لە حكومەتی عێراق ‏دەكات لە "نزیكترین دەرفەت"دا یاسای بودجە هەموار بكاتەوە. جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكاتەوە ‏كە دەبێت مووچە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت.‏

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوە چوو و پرسی مووچە تەوەرێكی سەرەكیی ‏كۆبوونەوەكە بوو. حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە پێویستە مووچە "دوور لە پێوەری ‏خەرجی فیعلی و ناكۆكیی نەوتی و داهاتی نانەوتی" خەرج بكرێت.‏

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم:‏

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد ‏تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە‎.‎

لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەوە، بەخێرهاتنەوەی لە ‏شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە كرد بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن و دەستبەكاربوونەوەی لە كار ‏و ئەركەكەیدا‎.‎

سەرۆكی حكومەت هەروەها كورتەیەكی دەربارەی ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی ‏كوردستان لە كۆنفرانسی لوتكەی گۆڕانی كەشوهەوا خستەڕوو كە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ‏ئیمارات ئەنجامدرا‎.‎

لە بڕگەی یەكەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان ‏كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانكار هەرێم بۆ بەغدا لە حەفتەی ڕابردوودا كە لەلایەن وەزیرە ‏پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو‎.‎

شاندی دانوستكار ڕوونكردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ‏ئاماژەیان بەوە دا كە سەرەڕای دروستبوونی لەیەكترگەیشتنێكی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی ‏كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و ‏پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرج ‏بكرێت و بە هیچ شێوەیەك پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەكرێت و شایستەی ‏دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسیەكان نەكرێت‎.‎

شاندی دانوستانكار ئاماژەیان بەوە دا كە لە دانوستانەكانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم ‏خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و كێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی ‏كوردستان ناكات كە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێكی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ‏ئەوەی بەغدا دەیكات، پێشێلكردنێكی ئاشكرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانە‎ ‎‎.‎

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدرال دەكات كە لە نزیكترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای ‏هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكات و ڕەوانەی ‏ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەك لە ‏خشتەكانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناكۆكیی نەوتی و داهاتی ‏نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێكهێنەرەكانی كابینەی ‏محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی ‏كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ‏ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكان و یاسای ‏بوجەدا، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستانەوە مووچەكان بدرێن‎.‎

لە لایەكی دیكەشەوە، هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیی ‏جێبەجێكردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم ، وردبینی و ‏پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەكان و میلاكی وەزیفیی هەرێم كردووە، جیا لەوەش، ‏هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ كردووە لە ڕێگەی ‏ڕادەستكردنی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حكومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ‏كۆمپانیا نەوتیەكان خەرج نەكردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەك بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەماوە كە ‏شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەكات و ئێمە حكومەتی فیدراڵ بە تاكە بەرپرسی ‏دواخستنی مووچەكان دەزانین و داوا دەكەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن‎.‎

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆك وەزیران ، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ‏ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان پێشكەش كرد . هەروەها ئاماژەی بە هۆكارەكانی ‏توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەركردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە ‏پەیوەندیدارەكان كرد كە هەموولایەك هاوكار بن لەپێناو جێبەجێكردنی ستراتیژی ‏بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان

سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەكانی ئافرەتانی كوردستان و گرتنەبەری ڕێكاری ‏توند و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی كە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەكەن كردەوە كە ‏نابێ بە هیچ شێوەیەك، چاوپۆشی و كەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بكرێت. سەرۆك وەزیران ‏دامەزراوەكانی حكومەتی ڕاسپارد كە هەڵمەتێكی بەرفراوانی هوشیاركردنەوە بۆ بنبڕكردنی ‏توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن‎.‎

پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لەسەر ‏ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەك لە ‏ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆبووەتەوە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ‏یاسا و رێنماییەكانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان‎.‎

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی كرد كە لە ڕاپۆرتەكە و كۆبوونەوە ‏خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی دژی ‏ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەش كە كار لەو بوارەدا دەكەن دووپات كردەوە بۆ ئەوەی ‏سنوورێك بۆ توندوتیژی دابنرێت‎.‎

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ‏سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشكاندنی بە ڕێژەی %15 لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی كرێی ئاو بە ‏مەرجێك لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ‏ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواكاری پێشكەش بكەن بۆ سوودمەند ‏بوون لەم بڕیارە كە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە‎.‎