مووچەی مانگی 11ی لیوا پیادەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت

05-12-2023 02:41

پەرەگراف

هاوکارییە مانگانەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە وەزارەتەکەو مووچەی مانگی ١١ی لیوا پیادەکان دابەش دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە مووچەخۆرانی دیکەی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی ٩یان وەرنەگرتووە.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریاریەکانی ئەنجام داون و بانکەکانی ئاگادارکردوونەتەوە، رۆژی پێنج شەممە ٧ی كانونى یەکەم ٢٠٢٣، موچەی مانگی ١١ی ٢٠٢٣ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی سەختی داراییدایەو هێشتا نەیتوانیوە مووچەی مانگی ٩ی مووچەخۆران دابەش بکات، چاوەڕێی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار قەرزە لە بەغداوە بە ئامانجی دابەشکردنی مووچە، بە دابەشکردنی ئەو مووچەیەش هێشتا چارەنووسی سێ مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆران نادیارە، بەڵام لیوا پیادەکانی پێشمەرگە کە ئەو لیوایانەن "یەکیان گرتووەتەوە"و خراونەتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی دابینکردنی مووچەیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە وەریدەگرن و مووچەی هیچ مانگێکیان دوانەکەوتووە. 

بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگانەو ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی نیگەرانییەکانیان بەهۆی سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

لێكتێگەشتنی فەرمی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژۆكراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكیتر نوێكرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگەیە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه.

لە چوارچێوەی هاوکارییەکاندا ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە دەوروبەری 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی ليوا يەكگرتووەكانی پێشمەرگە تەرخاندەکات.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی لە تەموزی ئەمساڵ لە گفتوگۆیەكدا لە خانەی چاتەم هاوس لە لەندەن، باسی ناکۆکییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەو نیگەرانییەکانی ئەمەریکای کرد و وتی، ئەمەریكا سەرقاڵی داڕشتنەوەی بودجەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن "دەپرسن ئێمە پارە دەدەینە پێشمەرگە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات و یەکبخرێتەوە، ئەی کوا ئەنجامەکان؟ کاتێک هیچ دیار نییە ڕەنگە ئەوانیش بڕیاريکی دیکە بدەن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسی بڕینی هاوکارییەکان.

بە ئامانجی خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازیی، پاش زیاتر لە ساڵێك دووركەوتنەوەی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە هەفتەی ڕابردوو گەڕایەوە سەر ئەركەكەی و ڕایگەیاند، "دۆخی خراپی ناو وەزارەتی پێشمەرگە مایەی نیگەرانیی من و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە"، داوایشی لە یەكێتی و پارتی كرد كە "هاوكاریی تەواومان بكەن لەم ئەركە سەختەی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەت و هێزی پێشمەرگە".