بۆردومانی تورکیا لە ئامێدی شەهیدێک و سێ برینداری لێ کەوتەوە کە خەڵکی مەدەنین

05-12-2023 12:56
بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە شوێنی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی بامەڕنێ

پەرەگراف - دهۆک

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا شوێنێکى لە نزیک ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای ئامێدی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو، سێ کەسى دیکەش دیکە بریندار بوون کە سەرجەمیان خەڵکی مەدەنین.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی دهۆک زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و بە پەرەگرافی وت "بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لەژێر چارەسەردان و دۆخیان جێگیرە".

ئەو هاووڵاتییەى شەهید بووە، پێشمەرگەیە و ناوى (عەلى جەمیل کەلەش)ـە، خەڵکى قەزاى باتیفایە. کەسوکارەکەى دەڵێن "خێزاندارە و خاوەنى پێنج منداڵە، چەند ڕۆژێکە بۆ کرێکارى چووتە سنوورى بامەڕنێ".

بۆردومانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە و لە درێژەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیادایە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی لێدان لە پەکەکە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف عێراق نایەوێت دڵی توركیا بڕەنجێنێت و لە بەرانبەر 24 هەزار جار بەزاندنی سنور بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر، هێرشی زەمینی، بۆردومان و شەڕی درۆنەكانیشیدا هەڵوێستی کرداریی نییە كە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی بوون بە قوربانی.

قسەی یەكەم و سەرەكیی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كاتێك لە ٢٢-٨-٢٠٢٣ گەیشتە بەغداد و دواتر هەولێر، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەردوو حکومەت پرسی پەكەكە بوو، كە ئەنقەرە وەك پاساوی هێرش و بەزاندنی سنور و بۆردومانەكانی بەكاریدەهێنێت.

بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی، تەنیا ئەمساڵ تورکیا زیاتر 82 هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو بەهۆی هەموو هێرشەكانی توركیاوە لە ساڵانی رابردووەوە تائێستا زیاتر لە 147 هاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 220ـی دیکەش بریندار بوون و زیاتر لە لەسەدا 59ـی ئەوانەی بوونەتە قوربانیی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا، هاوڵاتیانی مەدەنی بوون نەک چەکدارانی پەکەکە.