وەهاب هەڵەبجەیی لە دادگای فیدراڵی هەوڵی دەربازبوون لە سزای لەسێدارەدانی دادگای هەولێر دەدات

04-12-2023 07:49
لە ڕاستەوە: هاوکار جاف - وەهاب هەڵەبجەیى

پەرەگراف

سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكەی وەهاب هەڵەبجەیی كە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەكات، كۆدەبێتەوە. فەرماندەی دژەتیرۆر دەیەوێت لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە خۆی لەو سزای لەسێدارەدانە دەرباز بكات كە دادگای هەولێر لە كەیسی هاوكار جافدا بەسەر خۆی و شەش هاوڕێیدا سەپاندووە. ئەگەر سكاڵاكە بباتەوە، سەدان كەسی تر كە لە پێنج ساڵى ڕبردوودا بە یاسای تیرۆر سزا دراون، دەبێت ئازاد بكرێن، ڕوودانی ئەوەش "بە دوور" دەزانرێت.

یاساناس و ئەندامێکى لیژنەى یاسایى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق پێی وایە "ئەستەمە دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاساكە بدات" و دەڵێت "بڕیارێكی لەو شێوەیە فەوزای بەدواوەیە". بەهار مەحموود دەڵێت "كەسانێكی زۆر بەو یاسایە سزا دراون، ئەگەر یاساكە هەڵبوەشێتەوە، دەبێت ئازاد بكرێن، جگە لەوەش، ئەی چۆن قەرەبووی ئەو چەند ساڵ زیندانیكردنە دەكرێنەوە؟!".

سكاڵاكەی وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی، لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە. تێیدا داوا دەكات کارپێکردن بە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2006ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێتەوە، چونكە وەكوو ئەو دەڵێت "نادەستوورییە".

هەروەها وەهاب هەڵەبجەیی لە سكاڵاكەدا داوا دەكات هەر بڕیارێك لە دادگاكانی هەولێر كە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە لە دژی ئەو دەركراوە، هەڵبوەشێتەوە و كاری پێ نەكرێت.

دوو دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە 29ی تشرینی یەكەم و 13ی تشرینی دووەم لەسەر سكاڵاكە هەبووە و بڕیاردان تێیدا دواخراوە، بڕیارە سبەینێ‌ 5ی كانوونی یەكەم سێیەم دانیشتن ئەنجام بدرێت.

یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2006ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە مانگی حوزەیرانی 2018 و بە یاسای ژمارە حەوت، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كارپێكردنی بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو درێژ كرایەوە. ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمان ماوەی یاسایی كاركردنی بەسەر چووبوو و ماوەكەی بۆ درێژ كرابووەوە.

وەهاب هەڵەبجەیی لەو سكاڵایەدا كە تۆماری كردووە، دەیەوێت دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی كارپێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری دابنێت، بەوپێیەی لە كاتێكدا دەركراوە كە پەرلەمان ماوەی یاسای تەواو بووە، هەروەكوو چۆن دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستووری دانا و هەر یاسا و بڕیارێكی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە كە لەو ماوەیەدا دەركرابێت.

بەهار مەحموود، یاساناس و ئەندامی پێشووی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق، بۆ پەرەگراف دەڵێت "پێشبینی ناكەم دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربكات، چونكە لەو حاڵەتەدا تەنیا ئەو یاسا هەڵناوەشێتەوە، كۆمەڵێك شتی دیكەش هەڵدەوەشێنەوە".

بەهار مەحموود زیاتر ڕوونی كردەوە و وتی "هەر یاسایەكی دیكەش لەو ماوەیەدا دەركرابێت، هەڵدەوەشێتەوە، هەندێك مافی خەڵك كە بەو یاسایانە چەسپاون دەبێت هەڵبوەشێنەوە، ئەوەش قورسە".

ئەو یاساناسە بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد كە هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بابەتی تێپەڕینی كات كێشە بۆ سكاڵاكە دروست ناكات، بەڵام پێیشی وایە پرسی درێژكركردنەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كاتی زۆر بەسەردا تێپەڕیوە، پێچەوانەى پرسى درێژکردنەوەى تەمەنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە زوو سکاڵاى لە دژ تۆمار کرا، هەر بۆیە جەخت دەكاتەوە "مومكین نییە" ئەمجارە دادگا بڕیار لە بەرژەوەندیی سكاڵاكار دەربكات بەهۆى ئەو لێکەوتانەى کە دەیبێت.

هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتی و نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی بوو، ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ بە بۆمبی لكێندراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقێندرایەوە و خۆی كوژرا، ژن و كچ و خوشكێكیشی بریندار بوون.

دوای ٥ ڕۆژ لە ڕووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئاشكرا كرد و گرووپێكی "دژەتیرۆری یەكێتی"ی بە ئەنجامدەری ھێرشەكە لەقەڵەم دا و ناسنامەیانی ئاشكرا كرد.

دواتر دژەتیرۆری یەكێتی تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دەزگاكەی بە كوشتنی عەقید هاوكار جاف ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند، تەواوی ئەو ڕووداوە بە پیلانی پاراستن و تیمێكی دیاریكراو جێبەجێ كراوە.

لە 4-6-2022 دادگای هەولێر لە دۆسیەی هاوكار جاف، سزای لەسێدارەدانی بەسەر وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی و شەش بەرپرسی دیكەی دەزگاكەدا سەپاند. دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ڕەتی كردەوە لەسەر داوای پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی پێداچوونەوە بە كەیسەكەدا بكات، بە پاساوی ئەوەی تۆمەتبارەكان خۆیان ڕادەستی دادگا نەكردووە.

كەیسی هاوكار جاف یەكێك لە كێشە گەورەكانی نێوان یەكێتی و پارتییە و بووە هۆی زیاتر تێكچوونی پەیوەندییەكانیان، بە جۆرێك تا ئێستاش نەگەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی.