پەرەگراف
دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لە سکاڵایەکی عەرەب و تورکمانەکان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست کە داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدرێت و دوابخرێت بەهۆی ئەنجام نەدانی وردبینیی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە.
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت "لە دانیشتنەکەدا دادگا بڕیاریدا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک لایەنی سێیەم بچێتە ناو دۆسیەکەوەو گوتەی لێوەربگیرێت، بەو هۆیەوە بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە درا بۆ سێشەممەی داهاتوو".
سکاڵاکارەکان کە دوو کاندیدی عەرەب و تورکمانن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، داوا دەکەن دادگا بڕیار بدات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پاساوەکەشیان ئەوەیە ئەو ماددەیەی یاسای هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراوە کە باسلە ئەنجامدانی وردبینیی دەکات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە.
لە مانگی هەشتی ئەمساڵ لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک دەستی بە کارەکانی کرد بۆ ئامادەکردنی تۆمارێکی خاوێن بۆ هەڵبژاردن و ڕاپۆرتی خۆی ئاڕاستەی کۆمسیۆن کردووە، بەڵام بەپێی زانیاریی و بەدواداچوونەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، "وردبینییەکە نەکراوەو ئەو لایەنانەی لیژنەی وردبینییان پێکهێناوە هەماهەنگیی تەواو نەبووە لە نێوانیاندا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو کارە بەرلە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە".
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە لەسەر چەند بنەمایەک وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بکرێت، بنەمای یەكەم ئەوەیە، ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی 1957 تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەی زاب و ناحیەی سەرگەڕان، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوكدا دەبێت و مافی دەنگدانیان دەبێت.
بەپێی بنەمای دووەمی وردبینییەکە کە یاساکە دیاریی کردووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزراوبون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستوریان گرتووەتەبەر، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت.
بەپێی بنەمای سێیەمیش، ئەو هاوڵاتییانەی لەڕێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003ـەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنوری پارێزگای کەرکوکدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
لیژنەی وردبینیی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتەکانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتەکانی كەركوك لە پەرلەمان کارەکانی ئەنجام دا، دادگای فیدراڵی بە مەبەستی پرسیارکردن لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی وردبینییەکە سەرۆکوەزیرانی عێراقی خستووەتە ناو دۆسیەکەوە بەرلەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی ماوەی ١٨ ساڵە لە کەرکوک و ١٠ ساڵە لە تەواوی عێراق نەکراوە، هاوکات لە کۆتایی ٢٠١٩وە پەرلەمان کۆتایی بەکارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هێناوە کە ئەوە یەكێك بوو لە داواكاری خۆپیشاندەرانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە.
كەركوك شارێكی گرنگە بۆ كوردو چەقی ناوچە دابڕاوەكانە، لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، هەربۆیە هەڵبژاردنەكە گرنگ و جێی بایەخی لایەنەكانە و كورد چاوی لەوەیە لەڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەست بهێنێتەوە ئەوەش بە بردنەوەی زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کە لە 15 كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت.
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكدا، (لیستی برایەتیی كەركووك) كە لیستێكی كوردستانی بوو، 26 كورسیی لە كۆی ٤١ كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش كورد پۆستی پارێزگاری كەركووكی بردەوە، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، كورد پۆستی پارێزگاری لەدەست دا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵی لاواز بوو.