سەپاندنی 12 ساڵ سزای زیندانیكردن بەسەر سەیوان ئیبراهیمی، هاوسەری زارا محەمەدی

04-12-2023 02:20
لە ڕاستەوە: سەیوان ئیبراهیمى - زارا محەمەدى

پەرەگراف

سێ‌ سزای زیندانیكردن كە بە گشتی 12 ساڵە، بۆ سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هاوسەری زارا محەمەدی، لەلایەن دادگاكانی ئێرانەوە دەركرا.

سەیوان ئیبراهیمی و زارا محەمەدی كە دوو هاوسەر و مامۆستای زمانی كوردی و دوو ناوی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، لەگەڵ چەندین هاوڕێیان لە ڕێكخراوی نۆژین، بەردەوام لە بەرانبەر چالاكییەكانیان بۆ گەشەپێدانی زمانی كوردی، لەلایەن دادگاكانی ئێرانەوە تۆمەتی جۆراوجۆریان دەدرێتە پاڵ و سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت.

سەیوان ئیبراهیمی كە ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی (نۆژین)ـە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دەڵێت "ڕۆژی شەممە 2-12-2023، لەلایەن نادادگاكانی ئێرانەوە سزای 12 ساڵ زیندانیكردن و لێدانی 40 قامچییان بۆ دەركردووم".

لقی یەكی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "دروستكردنی گرووپ بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران" سزای 10 ساڵ زیندانیكردن و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حكومەت"، سزای "یەك ساڵ" زیندانیكردنی بەسەر ئەو مامۆستا كوردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا سەپاندووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە 8-8-2023 و لە دۆسیەیەكی دیكەدا، لەلایەن دادگای تاوانەكانی شاری سنەوە بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی گشتی، سزای یەك ساڵ زیندانیكردن و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی" بەسەر سەیوان ئیبراهیمیدا سەپێندرا، دواتر دادگای پێداچوونەوە سزای دوورخستنەوەی ناوبراوی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری كرماشان هەڵوەشاندەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، بەرپرسیارێتی لە ڕێكخراوی نۆژین و چالاكییەكانی، بە "گرنگترین هۆكاری سزادان"ـی ناو دەبات. جگە لەوەش "بڵاوكردنەوەی وێنەی شەهیدانی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پاڵپشتیكردن لە دەنگی خۆڕاگری زارای محەمەدی هاوسەری، ناساندنی ئێران وەكوو داگیركەری كوردستان و واژوونەكردنی بەڵێننامەی داوای لێبوردن لە دەسەڵات" بە ژمارەیەك هۆكاری دیكەی سزادانی ناو دەبات.

هەبوونی پەیوەندی بە كەناڵێك بە ناوی (كورد تی ڤی)، هۆكارێكی دیكەی سزادانی سەیوان ئیبراهیمییە كە خۆی دەڵێت "كەناڵێكی بەم ناوەم تا ئێستا نەبینیوە".

سەیوان ئیبراهیمی كە بە كەفالەت تا كاتی دەركردنی بڕیاری دادگا ئازاد كراوە، خۆی دەڵێت "ئەم سزایانە كۆتا بڕیارە و لە ماوەی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە".

پێشتریش بە تۆمەتی "پێكهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران"، سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن بەسەر زارا محەمەدی لە ڕێكخراوی نۆژین سەپێندرا. ڕێكخراوەكە دەشڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا دوو ئەندامی دیكەی گرووپەكەیان بە تۆمەتی "پێكهێنانی دەستە و گرووپ" سزای 10 ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.