پەرەگراف
ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانیی کردەسەر گروپێکی حەشدی شەعبی لە کەرکوک، پێنج چەکداری گروپەکە کوژران.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، هێرشەکە لەکاتێکدا بووە گروپەکە ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشێکی مووشەکی بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا.
میدیا عێراقییەکان دەڵێن، ئەو چەکدارانەی کراونەتە ئامانج سەربە میلیشیاکانی نوجەبای هاوپەیمانی ئێرانن.
ئەو هێرشە دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆش جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بوونەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 17-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق"، ئەنجامدانی زیاتر لە 70 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە.
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری بەشێك لەو گرووپانە و پێكەوەبەستنیان لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە پێشتر هەبوون و پاشان بەستنەوەیان بە ئێرانەوە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە ڕۆژی 18-10-2023 پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.
ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.