مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی ڕژانەوەسەر شەقام و سوورن لەسەر بایکۆت

03-12-2023 12:46
خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی، ٣-١٢-٢٠٢٣

پەرەگراف

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لە سلێمانی خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامداو سووربوونیان لەسەر بایکۆتی دەوام دووپات کردەوە لە پێناو مووچەو جێبەجێکردنی داواکانیان.

مامۆستاو فەرمانبەران چەندین دروشمیان لە دژی حکومەتی هەرێم گوتەوەو بەهۆی بەدەمەوەنەچوون و جێبەجێ نەکردنی داواکانیان، گوتیان "حکومەت تووشی نەخۆشیی گوێ نەگرتن بووە"، سووریشبوون لەسەر ئەوەی "تا زوڵمی مووچە مابێ، ئەم شەقامە چۆڵ نابێ".

دوو مانگ و ٢٠ ڕۆژە پڕۆسەی خوێندن دەستی پێ‌ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و ‏فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ‏ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووەو چارەنووسی ٧٠٠ هەزار خوێندکار نادیارە.

چەند ڕۆژێک لە مانگی ١٢ تێپەڕبووەو ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم.

بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن، داوایەکی دیکەیشیان دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزركردنەوەیە. هاوكات داوا دەكەن مووچەكانیان بگوازرێتەوە بۆ بەغداد و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش بكرێت.