مەسرور بارزانی داوا لە گۆتیرێس دەکات ڕۆڵی کارایان هەبێت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد
پەرەگراف
مەسرور بارزانی لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە شاری دوبەی، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت "گفتوگۆمان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی یونامی و بەردەوامبوونی لە ئەرکەکانی لە پێناو سەقامگیری ئاشتی و ئاسایش عێراق کردەوە".
"هەروەها باسمان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و داوامان کرد نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگێڕێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
جەوهەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد سەربەخۆیی ئابوری و دۆسیەی دەرهێنان و هەناردەی نەوتە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە هەرێم سەندراوەتەوەو دراوەتە دەست بەغداد.
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق(2023 – 2025)، پشكی ساڵێكی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە، بەڵام بەغداد ئامادەنییە بودجەی هەرێم بنێرێت چونکە بەپێی هەمان یاسای هەرێم پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی هەرێەوە، عێراق ناتوانێت سوود لە نەوتی هەرێم وەربگرێت.
حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازیی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێیوایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.