پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی، دەستگیرکردنی بازرگانێکی دیکەی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند کە ئەندامی ئەو باندەیە لە 17-11-2023 دوو ئەندامی دیکەیان دەستگیر کرابوون و دەستگیرا بەسەر 50 کیلۆ ماددەی هۆشبەری باندەکە لە جۆری کریستاڵ.
دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند، "لە بەردەوامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی ئەو باندە بازرگانە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لەشەوی ٢٠٢٣/١١/٣٠ تۆمەتباری سێهەمی ئەو باندە بازرگانەی کە خۆی حەشاردابوو توانرا دەستگیربکرێت".
"لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە" ئاسایش وادەڵێت.
17ی مانگی ڕابردوو ئەو دوو تۆمەتبارەی دیکە لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرابوون.
10 ڕۆژ دواتریش، لە ٢٠٢٣/١١/٢٧ لە شاری کەلار، ئاسایش ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ دەستگیرکردنی 3 بازرگانی ماددەی هۆشبەر، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و ڕوبەڕووبونەوەی چەکدارییان دا.
"هێزەکانی ئاسایش توانیان بەزوترین کات هەرسێ تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا و دەستبەسەر سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرانەدا گیرا کەبەنیازبوون بازرگانی پێوەبکەن، بڕەکەی پێکهاتبوو لە یەک کیلۆگرام لە ماددەکانی کریستاڵ و حەشیش".
هەر لە مانگی ڕابردووداو لە 24ی مانگدا، دەزگای ئاسایشی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی ٥١ کیلۆ ماددەی ھۆشبەریان ڕاگەیاندو گوتیان، "تۆڕێکی نێودەوڵەتی بازرگانیی بە ماددەی ھۆشبەرمان ھەڵوەشاندووەتەوەو سێ کەس دەستگیر کراون".
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لەماوەی ٨ ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان "زیاتر لە ١٤ هێندە زیادی كردووە. بەڕێژەی سەدیش، لەسەدا هەزار و ٤٢٠ بەرزبووەتەوە".
بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی ٢٠١٤دا تەنها ١٤٢ كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا، ٢٠١٧ كەس دەستگیر كراون.
شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.