قوباد تاڵەبانی: ئەولەوییەتمان چارەسەری خێرای کێشەی مووچەیە

30-11-2023 04:41
دیداری ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانە.

"ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وا دەڵێت.

ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بووە کە تێیدا باسیان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن کردووە.

کۆتا ڕۆژی مانگی 11یەو ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم.

بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن.

هەرلەو چوارچێوەیەداو بۆ ئەوەی بەغدا سێ‌ مانگی دیكەش قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە.

مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەکات.