مامۆستایانی ناڕازی و سەربەخۆ سکاڵایان لەسەر یەکێتی مامۆستایان تۆمارکرد و داوای هەڵوەشانەوەی دەکەن
پەرەگراف
مامۆستایانی ناڕازیی و سەربەخۆی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لە دادگا سکاڵایان لەسەر ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایان تۆمارکرد و داوای سڕ کردن و هەڵوەشانەوەی دەکەن بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٦وە.
یەکێتی مامۆستایان تاکە ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانەو بەپێی یاسا ڕێگە بە دامەزراندنی ڕێکخراوی دیکە نادرێت بۆ بەرگری لە مافەکانی مامۆستایان، بڕیارە لە ٣-١٢-٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرتاسەریی بۆ یەکێتییەکە ئەنجام بدرێت.
مامۆستایانی ناڕازیی و سەربەخۆی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لەبەردەم دادگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەیان لە حیزبی بوونی یەکێتی مامۆستایان گرت و ئەوەیان خستەڕوو، یەکێتی مامۆستایان کۆنگرەی ١٢ی لە مانگی ١٠ی ٢٠١١ بەستووە بۆ ئەوەی چوار ساڵ نوێنەرایەتی بکات و تەنها ٦ مانگ بۆی هەیە تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە کارو کۆنگرەی نەبەستووە، "لە ٢٠١٦وە ماوەی بەسەر چووەو هەر بڕیارێکی دابێت نایاساییە".
"لە سۆنگەی پێزانینەوە لە دادگای بەرایی سلێمانی سکاڵامان تۆمارکرد بەو ئومێدەی یاسا ئەم ڕیکخراوە سڕ بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە و میکانیزمی گونجاو دابنرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ڕێکخراوەکە" مامۆستایانی ناڕازیی و سەربەخۆ وادەڵێن.