فرۆشگای قوتابخانەکان داوای زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلار لە پەروەردە دەکەن بەهۆی بایکۆتەوە
پەرەگراف
ئەو بەڵێندەرانەی فرۆشگای قوتابخانەکانیان بە کرێ گرتووە لەو شارانەی بەهۆی بایکۆتەوە دەوام تێیاندا دەستی پێ نەکردووە، داوای ئەو پارانە دەکەن کە داویانە بە پەروەردە لەبری کرێی فرۆشگاکان کە زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلارە.
هیدایەت عەلی، بە نوێنەرایەتی ٤٠٠ بەڵێندەر کە فرۆشگای قوتابخانەکانیان بە کرێ گرتووە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت "بەڵێنیان پێداوین لە ١٣-٩ قوتابخانەکان بکرێنەوە، بەڵام هێشتا نەکراونەتەوەو داوای ئەو پارەیە دەکەین کە لێیان وەرگرتووین".
نوێنەری فرۆشگای قوتابخانەکان وتیشی، ئەو خواردن و خواردنەوانەی کڕیویانە بۆ فرۆشگاکان هەندێکیان بەسەرچوون و ئەوان لە زەرەردان، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پارەیەی داوای دەکەنەوە زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلاری ٤٠٠ بەڵیندەرە کە لە مانگی هەشتدا فرۆشگاکانی ٤٦٠ قوتابخانەیان وەرگرتووە.
"قسەمان لەگەڵ پەروەردە کردووەو دەڵێن تا قوتابخانەکان نەکرێنەوە ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵام کاتی پارە پەیداکردن نەماوەو داوای پارەکانمان دەکەینەوە، قوتابخانەش بکرێتەوە نامانەوێت چونکە دەکەوینە ڕەمەزان و پشووی خوێندنیش زۆربەی دەکەوێتە وەرزی دووەمی خوێندن" هیدایەت عەلی وای وت.
نوێنەری فرۆشگای قوتابخانەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوەکانەوە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە بڕی جیاواز قەرەبووی ئەوان کراوەتەوە، وتیشی "ئەمساڵ ناتوانن بەرگەی ئەو زیانە بگرین و هەموومان قەرزاری بازاڕین".
زیاتر لە دوو مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ كردووەو دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگانە نادیاریی چارەنووسی سێ مووچەی ئەمساڵ بایكۆتیان كردووەو دەرگای قوتابخانەکان ناکەنەوەو چارەنووسی ٧٠٠ هەزار خوێندکار بە نادیاریی ماوەتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی ١٢ ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێمو پێدەچێت هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەت مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن لەگەڵ داوای دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزركردنەوە، داواش دەكەن مووچەكانیان بگوازرێتەوە بۆ بەغداد و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش بكرێت.