پەرەگراف
حكومەتی عێراق بڕیاری دا یەك بەرمیل نەوتی سپی بە نرخی 50 هەزار دینار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بنێرێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش دەڵێت "بەشە نەوتی هەرێم بەو نرخە دەدەین بە هاووڵاتیان كە حكومەتی عێراق دیاریی دەكات".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە لە كاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بە هەر نرخێك بێت كە دیاریی كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەكات".
ڕوونكردنەوەكە پاش ئەوە هات كە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووریی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا "بەهۆی هاتنی وەرزی زستانەوە، ئەو نەوتە سپییەی كە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، نرخی هەر لیترێكی لە 500 دینارەوە بۆ 250 دینار كەم بكرێتەوە".
بەوپێیەش واتە هەر بەرمیلێك نەوت كە 200 لیترە، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە 50 هەزار دینار بۆ خێزانەكانی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوە چوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان "جەختی كردەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە هەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق".
هەروەها لە ڕوونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، وەزارەتەكە لە مانگەكانی (تەمووز، ئەیلوول و تشرینی یەكەم)ـی ئەمساڵیشدا بە "سێ نووسراو" داواكاریی گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بە هەمان نرخی عێراق.
هاوكات زۆرینەی پەرلەمانتار و فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵی جیاوازیان داوە بۆ ناردنی نەوتی سپی بە هەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، هەموان پێیان وایە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی نەوت بۆ هەرێم لە ئەنجامی هەوڵەكانی ئەواندا بووە.
بڕیارى ناردنى یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ هەزار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بۆ هاووڵاتیانى هەرێم، لە کاتێکدا حکومەتى هەرێم خۆى سەربارى بوونى نەوتێکى زۆر و پاڵاوگە، یەک بەرمیل نەوت بە ناوى "نرخى پاڵپشتیکراو"ـەوە بە ١٠٣ هەزار دینار بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکات. وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەڵێت "تاكو ئێستا بەو نرخە پاڵپشتیكراوە زیاتر لە (116,209) ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان دابین كردووە و بەسەر (581) هەزار خێزاندا دابەشمان كردووە".