پەرەگراف
لە قوتابخانەیەكی قەزای سیمێلـی سەر بە پارێزگای دهۆك، قوتابییەكی پۆلی 11ـی ئامادەیی لەناو پۆلدا و لە گەرمەی وانەخوێندندا، "هاوڕێ نزیك"ـەكەی خۆی "بە دەمانچە" كوشت.
بەپێی گێڕانەوەكان، چیرۆكەكە بەم شێوەیە بووە: لە كاتێكدا قوتابییەكان لە گەرمەی وانەخوێندندا بوون و مامۆستا سەرگەرمی وانەوتنەوە بووە، دەمانچەكەی دەرهێناوە و لە پشتەوە فیشەكێكی بە هاوڕێكەی بەردەمی خۆیەوە ناوە و خەڵتانی خوێنی كردووە. بریندارەكە بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ڕووداوەكە لە قوتابخانەی (ئامادەیی نەتەوە)ـی كوڕان لە ناوەندی قەزای سیمێل ڕووی داوە. پۆلیسی دهۆك دەڵێت "بەیانیی ئەمڕۆ پۆلیسی سیمێل لە ڕووداوێكی كوشتن ئاگادار كراوەتەوە. دواتر دەركەوت قوتابییەك هاوڕێكەی بە دەمانچە كوشتووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دهۆك، هەردوو قوتابییەكە "هاوڕێن و قوتابیی پۆلی یازدەن، لەدایكبووی ساڵی 2007ـن".
هێشتا ڕوون نییە بۆچی ئەو قوتابییە هاوپۆلییەكەی خۆی كوشتووە، کە دەوترێت پێشتر "هاوڕێى نزیك"ـى یەکتر بوون.
دوای ڕووداوەكە پۆلیس چووەتە قوتابخانەكە و تۆمەتبارەكەی دەستگیر كردووە. هەروەها وێنەی كامێراكانی قوتابخانەكە هەڵگیراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.