پەرەگراف
مەسروور بارزانی دەڵێت "شاندی هەرێم بۆ چارەسەری كۆمەڵێك لەو گرفتانەی كە ماون، لە بەغدادن. بەتایبەت بۆ بابەتی مووچە و بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دواكەوتنی مووچە بدۆزنەوە".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی كردنەوەی كارگەیەكی ئاسن لە هەولێر وتیشی "شاندەكە دوێنێ گفتوگۆی باشی هەبووە و ئەمڕۆیش درێژەی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت".
دوێنێ شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی چووە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
میدیای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڵاوی كردەوە "شاندی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری قەرزی دیكەیان كردووە، سوودانیش ڕایگەیاندووە كە داواكارییەكەیان دەباتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران".
داواكارییەكەی حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵە، تا ئەو كاتەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر دەبن.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ جەختی كردەوە كە "لەگەڵ بەغداد پێم وایە ئەوەی هاوبەشە لە نێوانماندا، زۆر زیاترە لەو كێشە و گرفتانەی كە هەن"، هیوایشی خواست "بە تێگەیشتنی هاوبەش" بتوانن زۆر شتی باشتر بكەن.
هەروەها پەیسوەت بە كێشەی وزە ڕایگەیاند "بۆ بابەتی نەوت و غازیش پێویستمان بە یاسایەكی فیدراڵیی پێشكەوتوو لەسەر بنەمای دەستوور هەیە".
"هیوادام لەگەڵ بەڕێز سوودانی بتوانین كار و هەماهەنگیی باشتر بكەین و وڵاتمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر ببەین"، مەسروور بارزانی وای وت.