پەرەگراف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان و بەغدادیش ئەمڕۆ چوونە سەر شەقام و جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كردەوە. هەوڵەكانی پەروەردەی سلێمانییان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام ڕەت كردەوە.
سەرەڕای نالەباریی كەشوهەوا، ئەمڕۆ لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ و فەرمانبەرانی ناڕازی بەڕێوە چوو. هاوكات هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستایان لە مەیدانی تەحریری بەغداد گردبوونەوەیان ئەنجام دا.
مامۆستایان جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كردەوە و داواكاریی پەروەردەی سلێمانییان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام ڕەت كردەوە.
مامۆستایان داوای مووچە دواكەوتووەكان و ڕێككردنەوەی مووچە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزركردنەوە دەكەن. هاوكات داوا دەكەن مووچەكانیان بگوازرێتەوە بۆ بەغداد و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش بكرێت.
مامۆستایانی وانەبێژیش لە بەیاننامەیكدا "ئیدانە"ـی ئەو ڕێگرییەیان كرد كە دوێنێ لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كرا لە كاتی چوونیان بەرەو بەغداد.
مامۆستایانی وانەبێژ وتیان "بە هەموو شێوەیەك هەر زۆرلێكردنێك لە مامۆستایانی وانەبێژ بە ئیمزای بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەكان ڕەت دەكەینەوە و ناهێڵین شكۆیەك كە بایكۆت بۆ مامۆستایانی دروست كردووە، بە ئیمزایەك بشكێت".
هەروەها وانەبێژان ڕاانگەیاند "شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی ڕێنمایی ژمرە 14ی وەزارەتی دارایی لە ساڵی 2021 ڕێكخراوە، بە هیچ جۆرێك دواكەوتن یان نەدانی شایستەی هیچ مانگێك بە بیانووی بایكۆتكردنەوە قبووڵكراو نییە".