پەرەگراف
شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی گەیشتە بەغداد و بۆ پرسی مووچە و بابەتەكانی دیكە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "شاندەكە لەسەر پرسی نەوت، بودجە و مووچە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە".
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەندامی شاندەكە، دوێنێ ڕایگەیاند، مووچە بابەتی سەرەكیی گفتوگۆكانیان لەگەڵ سوودانی دەبێت.
كێشەی بودجە و نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەوەش وای كردووە یاسای بودجە وەكوو خۆی جێبەجێ نەكرێت. حكومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ مووچە بە قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ڕێككەوتنی تەواوەتی بكرێت، بەڵام هێشتا دانوستانەكان بێ ئەنجامن.
بڕیارە لەم ڕۆژانەدا دوایین وەجبەی 700 ملیار دینارەكە بگاتە هەرێم و مووچەی مانگی نۆی پێ دابەش بكرێت، بۆ سێ مانگی كۆتایی ساڵ كێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەبێت، بەوپێیەی تا ئێستا حكومەتی عێراق بە داواكاریی حكومەتی هەرێم ڕازی نەبووە بۆ درێژكردنەوەی قەرزەكە بۆ سێ مانگی دیكە.
ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە بۆ درێژكردنەوەی قەرزە 700 ملیار دینارییەكە، بەڵام وەكوو مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەكات.
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم، دیارترین و سەرەكیترین كێشەی ئێستای نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقە. مەسروور بارزانی دەڵێت "بەغدا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، باس لە ژمارەیەك دەكات كە واقیعی نییە، شەش دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت داناوە، هەندێك بیری نەوت بە نموونە لە گەیارە هەیە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل 34 دۆلارە، دەكرێت لە بیرێك شەش دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە".
حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
بڕیارە ڕۆژی 3-12-2023 كۆبوونەوەیەكی دیكەی نێوان هەرێم و ناوەند سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەغداد بەڕێوە بچێت.
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "وەزارەتی نەوتی عێراق هەندێك داواكارییان سەبارەت بە زانیاری لەسەر بارودۆخ و مەلەفی نەوت هەبوو، سەرجەم ئەو زانیارییانەمان بە كیتابێكی فەرمی بۆ ناردوون".
ئومێد سەباح لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە "مافێكی دەستووریی هەرێمی كوردستانە كە بەغداد تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەستۆ بگرێت"، وتیشی "دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاری خۆی بدات كە ئایا تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت یان نا؟".
"ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەستبەجێ نەوت هەناردە بكرێت، بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنانەكە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە"، ئومێد سەباح وا دەڵێت