دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای تایبەت بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبووەوە

26-11-2023 06:52

پەرەگراف

دانیشتنی یەكەمی دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای تایبەت بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێوە چوو و وادەی دانیشتنی داهاتوویش دیاری كرا. سكاڵا لەسەر سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كراوە و داوا دەكرێت بڕیار و ڕێنماییەكانیان بۆ ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە هەڵبوەشێندرێنەوە.

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق كە سەرپەرشتیی دۆسیەكە دەكات، ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی داواكاران دانیشتنی یەكەمی دادبینیی ئەو داوایە بەڕێوە چوو كە پەیوەستە بە پلەبەرزكردنەوە".

یوسف محەمەد دەڵێت "ئەو داوایەمان بە شێوەیەك نووسیوە كە مافی مووچەخۆرانی كوردستان بگەڕێتەوە. هیوادارین لە دانیشتنەكانی داهاتوودا بتوانین ئەو مافە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنینەوە".

سكاڵاكە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمەوە تۆمار كراوە كە پێكهاتوون لە (ئەژی بەرزان عارف، محەمەد حسێن كەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەمەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەمەد، ئاوات ئازاد محەمەد، دڵشاد محەمەد ئەمین، سامان عەلی ساڵح و ڕێبوار باهیر ئەحمەد).

لە سكاڵاكەدا كە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، داوا كراوە هەردووكیان "بەتەواوی" پابەند بكرێن بە "جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، بە تایبەت ماددەكانی (6، 7، 8 و 9)".

هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.

بڕیارە ڕۆژی 24-12-2023 دانیشتنی دووەمی دادگای فیدراڵی لەسەر دۆسیەكە بەڕێوە بچێت.

پێشتریش پەرلەمانتارانی هەرێم چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە "بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ ڕاگرتنی پەلەبەرزكردنەوە نایاساییە و حكومەت بەبێ‌ پاڵپشتیی بڕگە و ماددەیەكی یاسایی دەسەڵاتی ئەوەی نییە پلەبەرزكردنەوە ڕابرگرێت".