پەرەگراف
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند "سبەی شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات و بۆ مووچە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبینەوە". دەشڵێت "بڕیارە 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بنێردرێت".
سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ مووچە لەكاتێكدایە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرتووە و بایكۆت و ناڕەزایەتیی مامۆستایانیش لە سنووری ئیدارەی سلێمانی بەردەوامە.
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت "لە سەردانەكەمان بۆ بەغداد، لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەوڵ دەدەین شایستە داراییەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزین".
دەربارەی ناردنی 700 ملیار دینار قەرزەكەی بەغدادیش بۆ مووچە، ئومێد سەباح ڕایگەیاند "سەرجەم ڕێكارە كارگێڕییەكان تەواو بووە و زیاتر لە 10 ڕۆژە نووسراومان بۆ بەغداد كردووە. وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە پارەداركردنی هەموو وەزارەتەكانی خۆیان كردووە و بڕیاریش وایە كە پارەداكردنی ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا بێت و دوانەكەوێت".
بڕیارە ڕۆژی 3-12-2023 كۆبوونەوەیەكی دیكەی نێوان هەرێم و ناوەند سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەغداد بەڕێوە بچێت.
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "وەزارەتی نەوتی عێراق هەندێك داواكارییان سەبارەت بە زانیاری لەسەر بارودۆخ و مەلەفی نەوت هەبوو، سەرجەم ئەو زانیارییانەمان سێ ڕۆژ لەمەوبەر بە كیتابێكی فەرمی بۆ ناردوون".
ئومێد سەباح لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە "مافێكی دەستووریی هەرێمی كوردستانە كە بەغداد تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەستۆ بگرێت"، وتیشی "دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاری خۆی بدات كە ئایا تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت یان نا؟".
"ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەستبەجێ نەوت هەناردە بكرێت، بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنانەكە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە"، ئومێد سەباح وای وت.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی ١٢ ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم.
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن.
هەرلەو چوارچێوەیەداو بۆ ئەوەی بەغدا سێ مانگی دیكەش قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە.
مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەکات.