پەرەگراف
هێزە عێراقییەکان ڕێگەیان نەدا مامۆستایانی ناڕازیی هەرێم لە بازگەکانەوە تێپەڕن بەرەو بەغداد کە ئامانجیان ئەنجامدانی خۆپیشاندان بوو لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ مووچەکانیان، ئەو مامۆستایانەی دوێنێ چوونە بەغداد خۆپیشاندانەکەیان ئەنجام دا.
لە بازگەی چیمەن(ڕێگای سلێمانی – کەرکوک) و بازگەی کوڵەجۆ (ڕێگای گەرمیان – دیالە) ڕێگە نەدرا دەوروبەری هەزارو مامۆستاو فەرمانبەری ناڕازیی تێپەڕن بەرەو بەغداد کە لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕینەوە بەیانیی ئەمڕۆ بە کۆمەڵ بەڕێکەوتن.
فەرمانبەران و مامۆستایان لە بەردەم بازگەکاندا ڕێگاکانیان بۆ ماوەیەک داخست و بە گوتنەوەی دروشم دژی حکومەتی هەرێم جەختیان لە بەردەوامیی بایکۆت کردەوە.
ڤیدیۆی ڕێگریی لە مامۆستایان لە بازگەی چیمەن
ڤیدیۆی ڕێگریی لە مامۆستایان لە بازگەی کوڵەجۆ
خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە گۆڕەپانی تەحریر
لەگەڵ ڕێگریی لە چوونی مامۆستاو فەرمانبەران، بەڵام ژمارەیەکیان کە پێشتر چووبوونە بەغداد ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای مووچەکانیان لە حکومەتی عێراق کرد.
زیاتر لە دوو مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووە.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی ١٢ ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم.
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩، هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵ قەرزدار دەبێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن.
هەرلەو چوارچێوەیەداو بۆ ئەوەی بەغدا سێ مانگی دیكەش قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە.
مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەکات.