تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دوو مەبەست درێژ كرایەوە

22-11-2023 07:34

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی درێژکردەوە بە ئامانجی لابردنی بەربەست لەبەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پەرلەمانی عێراق ‏هەمواری یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد. بەپێی هەموارەكە تەمەنی ‏كۆمیسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ كراوەتەوە".‏

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 7-1-2024 ‏كۆتایی دەهات، ئامانج لەم درێژكردنەوەیە ئەوەیە كە كۆمیسیۆن كاتی هەبێت بۆ ‏ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان".‏

بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨-١٢-٢٠٢٣ و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥-٢-٢٠٢٤ بەڕێوەبچن، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی ھەردوو ھەڵبژاردنەکە دەکات.