سوودانی ڕەزامەندە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە

22-11-2023 01:14

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنە کوردییەکانی دایەوە(جگە لە پارتی)، لاریی نییە لە دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە لە ڕێی ھەژماری بانکییەوە.

لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەش جگە لە پارتی واژۆیان لەسەر کردووە، بۆ دابەشکردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمەنبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی لە نووسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە لاری نەبوونی پیشانداوەو دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەرێم لیستی موچەخۆران و زانیاری فەرمانبەران بدات بە بەغداد، ئاماژە بەوەش دەکات پێدانی مووچەکە لە بەشە بودجەی هەرێم دەبێت.

پارتی و حکومەتی ھەرێم بە تووندی دژی ئەو ھەوڵە دەوەستنەوەو بە 'لێدان لە قەوارەی ھەرێم' ناوی دەبەن، دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە داواکاریی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیشە لە سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت و خۆپیشاندان دەکەن بۆ مووچەکانیان.

لە ٢-١٠-٢٠٢٣‌ یاداشتێك لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە واژۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئاڕاستەی سوودانی کرا بۆ ئەو مەبەستە.

لە یاداشتەكەدا داوا كراوە "هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە ‏لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت. ڕاستەوخۆ ‏مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت، بەپێی ‏میكانیزمێكی گونجاوی یاسایی و خێرا كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت".‏ پێشنیار كراوە كارتی ئەلیكترۆنی بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و ‏ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانكەكانی عێراق كە نووسینگەیان لە هەرێمی ‏كوردستان هەیە، مووچەكانیان بخرێتە سەر هەژمارەكانیان.

ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق واژوویان لەسەر ‏یاداشتەكە نەكرد، پەرلەمانتاران هۆكاری ئەو داواكارییەیان بۆ دۆخی خراپی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە، كە ‏مووچەكانیان تووشی لێبڕین و پاشەكەوت و دواكەوتن بووەتەوە، لە ‏ئەنجامی كێشە و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

دوای ئەو یاداشتە بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشكی پارتی، هەوڵی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بە "یاریكردن بە ھەست و سۆزی مووچەخۆران" ناو برد و وتی كارێكی لەو شێوە "پێچەوانەی دەستوورە".

مەسعود حەیدەر، وتی "بە پێی دەستووری عێراق، حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەكی تر بۆ ھەرێم خەرج بكات". جەختیش دەكاتەوە كە "ھەموو مامەڵەیەكی نێوان ھەرێم و بەغداد، دەبێ لە رێگەی دامو دەزگا فەرمییەكانی ھەردوولاوە بێت كە حكومەتی ھەرێم و حكومەتی فیدراڵین".

مەسعود حەیدەر پێی وایە ھەر بابەتێك لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت، "یاریكردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بكات، چونكە پێچەوانەی ماددەكانی ١١٧ و ١٢١ ی دەستوورە".

ئەو ماددە دەستوورییانەی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی پێ‌ داون، باس لە دانپێدانان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكەی دەكەن.

ھاوکات سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف دوو لەمپەری گەورەی لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا خستەڕوو و باسیش لە ئەگەری "یاری"یەكی پارتی لەم دۆسیەدا دەكات.

سەرچاوەیەكی پسپۆڕ لە دەستوور و ئاگادار لە پرسە داراییەكانی كورد لە بەغداد كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە پەرەگرافی وت "پێشكەشكردنی پرۆژەیاسایەك بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، لەمپەری زۆر لەبەردەمدایە كە دوو لەو لەمپەرانە ڕێگری گەورەن".

ئەو سەرچاوەیە وتی "دەكرێت پرۆژەیاسایەك لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەوە بۆ راستەوخۆ دابەشكردن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە، پێشكەشی پەرلەمان بكرێت، بەڵام ئەوكات كێشەی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم دێتە پێشەوە، كە بەپێی داتاكانی بەغداد، هەرێم 682 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەپێی داتاكانی حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار فەرمانبەر هەن".

سەرچاوەکە وتیشی "لەمپەرێكی دیكە ئەوەیە كە بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان وەكوو هەرێمێكی فیدراڵی، كۆمەڵێك دەسەڵاتی دارایی هەیە، ئەوكاتە دەتوانێت تانە لە پرۆژەی سەربەخۆ دابەشكردنی مووچە بدات و بە پێشێلكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم وەسفی بكات".

هەر ئەو سەرچاوەیە كە بە وردی ئاگای لە دۆسیە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدادە، پێی وایە لە ئەگەری سەرگرتنی پرۆژەیاسایەك بۆ سەربەخۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ئەوكاتە پارتی یارییەكی دیكە دەهێنێتە ئاراوە كە جیاوازیی ژمارەی فەرمانبەرانە لە نێوان هەرێم بەغداد، بە جۆرێك بەغداد نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕەسمی ناناسێت و مووچەكانیان نانێرێت، ئەوكات پارتی بڕینی مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی بە پرۆژەكە هەستاون".

هێنانەكایەی ئەم پرسە لە كاتێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا تایبەت بە ناردنی مووچە نییە، بۆیە ناتوانێت كاری لەو شێوەیە بكات.