وەزیری دارایی هەرێم: شاندمان ئامادەیە بچێتەوە بەغداد بۆ گفتوگۆو چاوەڕێی ناردنی مووچەین

22-11-2023 11:25

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ کردووەو چاوەڕوانن بەغداد ٧٠٠ ملیار دینارەکە بنێرێت بۆ مووچەو شاندیان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق.

ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمە هەمووی جێبەجێ کراوەو هیچ کێشەیەک لای ئێمەوە نییە، دوا تەروازووی پێداچوونەوەمان ناردووەو تیمێکمان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە بچێتەوە بەغداد، ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێمان گەیشتووە، ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، باسی لە پڕۆژەی "هەژماری من" کرد، وتی "پڕۆژەکە بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆیدا بوو، کێشەی سیولە و وەرگرتنی مووچە چارەسەر دەکات. هەروەها لەرێگەی هەژماری منەوە هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەک قەرز ببینن".

"هەموو هاووڵاتییەک لە رێگەی ئەو ڤیزا کارتەی کە هەڵی دەگرێت، دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت و ئەو پارەیەی کە لە هەژمارەکەی هەیەتی خەرجی بکات، هەروەها دەتوانن لەرێگەی ڤیزا کارتەکانیانەوە، لە هەموو ئەوروپا و جیهان پارەکەیان خەرج بکەن" وەزیری دارایی وای وت.

هەژماری من؛ پڕۆژەیەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پێدانی مووچەی مووچەخۆران، پڕۆژەکە مامەڵەکردن بە پارەی کاش کەمدەکاتەوەو چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا تەواوی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت لە پڕۆژەکەدا تۆماربکرێن.

تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری حکومی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون، پێنج بانک لە پرۆژەکەدا بەشدارن کە بریتین لە؛ ئاڕتی بانک، جیهان، ئاشوور بانک، بانکی BBAC و بانکی نیشتمانی عێراق(NBI).