ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر لەسەر ئاگربەست ڕێككەوتن

22-11-2023 10:59

پەرەگراف

ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر لەسەر ‏ئاگربەستێكی چوار ڕۆژە ڕێككەوتن. بەپێی ئاگربەستەكە 50 دیلی ئیسرائیلی و 150 ‏دەستگیركراوی فەلەستینی ئازاد دەكرێن.‏

قەتەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، دەڵێت "لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتوودا ‏شەڕ ڕادەگیرێت و ئەو كەسانەی ئازاد دەكرێن ژن و منداڵن. ئاگربەستەكەیش قابیلی ‏درێژكردنەوەە".‏

دیل و زیندانییەكان لە ماوەی چوار ڕۆژی ئاگربەستەكەدا هەنگاو بە هەنگاو ئازاد ‏دەكرێن. ئیسرائیل دەڵێت "لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا جەنگ ڕادەگرین و ئەگەر ‏بارمتەی زیاتر ئازاد بكرێت، ماوەی ئاگربەستەكە درێژتر دەكرێتەوە، بە جۆرێك بۆ ‏ئازادكردنی 10 بارمتە ڕۆژێك ئاگربەست درێژ دەكرێتەوە".‏

ئیسرائیل جەختیشی كردووەتەوە كە ئەم ئاگربەستە "كۆتایی جەنگ نییە"، جەنگێك ‏كە وەكوو خۆی دەڵێت ئامانج لێی "سڕینەوەی حەماس و دڵنیابوون لە نەمانی هیچ ‏هەڕەشەیەك لە غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیلە".‏

بەپێی ئاگربەستەكە، دەبێت ژمارەیەكی زۆر هاوكاریی مرۆیی لە خۆراك و سووتەمەنی و ‏پێداویستیی پزیشكی ڕەوانەی غەززە بكرێت.‏

دەربارەی ئاگربەستەكە، حەماس دەڵێت "بەپێی ئاگربەستەكە، 150 ژن و منداڵی ‏فەلەستینی ئازاد دەكرێن و سەدان بارهەڵگر هاوكاریی مرۆیی و پێداویستیی پزیشكی و ‏سووتەمەنی دەگاتە غەززە".‏

حەماس دەشڵێت "لەماوەی ئاگربەستەكەدا، فڕینی فڕۆكەی سەربازی و سیخوڕییش ‏بەسەر ئاسمانی باشووری غەززەدا بە تەواوی ڕادەگیرێت و بەسەر ئاسمانی باكووری ‏غەززەیشدا ڕۆژی شەش كاتژمێر ڕادەگیرێت".‏

لە ماوەی ئاگربەستەكەدا، هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ‏دەستگیركردنی فەلەستینییەكان ڕادەگیرێن.‏