پەرەگراف
خەڵاتی (هێلدا دۆمین)ی ئەدەبی بۆ ساڵی 2023 لە ئەڵمانیا، بەخشرا بە بەختیار عەلی، ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیری کورد.
پێشنیوەڕۆی سێشەممە 21-11-2023، لیژنەی داوەریی تایبەت بە خەڵاتی هێلدا دۆمین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بەختیار عەلیی ڕاگەیاندووە کە ئەو براوەی خەڵاتەکەیە.
خەڵاتی هێلدا دۆمین سێ ساڵ جارێک دەدرێت بەو نووسەرانەی تاراوگە لە ئەڵمانیا کە دەقی ئەدەبی دەنووسن.
ئەم خەڵاتە بە ناوی هیلدا دۆمین، خانمە شاعیری ئەڵمانییەوە ناو نراوە، کە بە "دایکی پەخشانەشیعری ئەڵمانی و یەکێک لە هەرە گەورەترین شاعیرەکانی ئەڵمان لەسەدەی بیست" ناو دەبرێت، هەر خۆیشی یەکەمین براوەی خەڵاتەکە بووە لە ساڵی 1992دا.
هەژماری بەختیار عەلی لە فەیسبووک دەڵێت "لە دوای خەڵاتی نیلی زاکس، ئەمە دووەمین خەڵاتی گرنگە کە نووسەر وەری دەگرێت".
بەختیار عەلی، ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا بە شیعر دەستی بە نووسین کردووە. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (مەرگی تاقانەی دووەم) لە ساڵی ١٩٩٧ لە سوید بڵاو کردووەتەوە. خاوەنی زیاتر لە 10 ڕۆمان، چەند دیوانێکی شیعری و دەيان کتێب و نووسینی فیکرییە.