پەرەگراف
مەسروور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە گرێبەستە نەوتییەکان مافی هەرێمی کوردستانە و دەست لەو مافانە هەڵناگرن. دەشڵێت "ئەمڕۆ ئامادەین بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکان بدات"
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەزێم، لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک باسی لە پرسی نەوت کرد و وتی "هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی دەرهێنان، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە، بەداخەوە ئەو مافانە پشتگوێ خراون".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی "عەقڵیەتێک لە بەغدا هەیە کە دەیەوێت هەموو شتێک لە ناوەندەوە کۆنترۆڵ بکرێت، لە کاتێکدا عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و دەبێت بەپێی دەستوور دەسەڵاتەکان بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێن".
سەبارەت بە گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن و بە هیچ شێوەیەک دەست لەو مافەمان هەڵناگرین".
هەروەها جەختی کردەوە "بە دڵنیاییەوە بەرگری لەو کۆپانیا نەوتییانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. هەر کاتێک ئەو کۆمپانیایانە ڕێزیان لێ گیرا و حکومەتی فیدراڵی پارەکەی دان، ئەوکاتە نەوت بۆ هەناردەکردن هەیە".
سەبارەت بە لەمپەری بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردی نەوت، سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی "بەغدا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، باس لە ژمارەیەک دەکات کە واقیعی نییە، شەش دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت داناوە، هەندێک بیری نەوت بە نموونە لە گەیارە هەیە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل 34 دۆلارە، دەکرێت لە بیرێک شەش دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە".
مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێمە ئەمڕۆ ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بەڵام تۆپەکە لە یاریگای بەغدادایە، ئایا ئەوان تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەدەن؟".
مەسروور بارزانی لەگەڵ ئەوەی وتی "سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق تێگەیشتنی باشیان بۆ پرسی نەوت هەیە و هیوادارم بگەینە ڕێککەوتنێک کە بتوانین دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە"، بەڵام نەیشاردەوە کە "نازانێت" کەی دەگەنە ڕێکەوتن و هەناردەکردنی نەوت دەست پێ دەکاتەوە.