خۆپیشاندانی فراوان بۆ مووچە بەردەوامە

19-11-2023 11:33
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق

پەرەگراف 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و ‏هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ‏بەرفراوانیان ئەنجام دا بۆ مووچە.

خۆپیشاندەران چەندین دروشمی جیاوازیان دژی حکومەتی ھەرێم گوتەوەو سوورن لەسەر ھەڵوێستەکانیان.

زیاتر لە دوو مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ‌ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و ‏فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ‏ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووە.

نیوەی مانگی یانزە تێپەڕبووەو ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات.

داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کە پێشتر خستیانەڕوو:‏

‏1- دابەشكردنی مووچەكانمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ‏دارایی عێراقەوە.‏
‏2- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.‏
‏3- دامەزراندنی مامۆستاسانی وانەبێژ.‏
‏4- دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی 9 و 10 و ڕێككردنەوەی دابەشكردنی ‏مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا.‏
‏5- دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان.‏