شەپۆلێكی بارانبارینی بەلێزمە بەڕێوەیە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، كەشناسیی هەرێم هۆشداری دەدات

18-11-2023 01:49

پەرەگراف

شەپۆلێكی بارانبارینی "بەلێزمە" بەڕێوەیە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، كەشناسیی هەرێم "هۆشداری" دەدات. هاوكات بەفربارین ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "لە ئەنجامی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست لە سەر هەرێمی كوردستان، پێشبینی دەكرێت كەوا ڕۆژی یەكشەممە بارانبارین لەسەر تەواوی ناوچەكەمان بەشێوەی مامناوەند دەست پێ بكات".

بەپێی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم، لە كاتەكانی شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە، كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆكە "قووڵتر" دەبێتەوە، ڕێژەی دابارینەكە "زیاد" دەكات، هەروەها هەندێك جار هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت.

سەرەتا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست پێ دەكات، پاشان كاریگەرییەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ بەهێزبوون و چالاكبوونی كاریگەریی ئەم شەپۆلە، باران بەشێوەی لێزمەباران دەبێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان وەكوو ئامێدی، چمانكێ، شێڵادزێ، سەنتەری پارێزگای هەولێر، بەحركە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان".

هەروەها پێشبیی كراوە كە "لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەوە بارانبارین مامناوەند بێت و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبارێت، پلەكانی گەرمایش بەشێوەیەكی بەرچاو لە نێوان (5 – 8) دادەبەزن".

كاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە تا "ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە" بەردەوام دەبێت.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "لەگەڵ نزیكبوونەوەی هاتنی كاریگەریی ئەم شەپۆلە، وردەكاریی زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەی كە بارانبارینی زۆر دەبێت، بڵاو دەكەینەوە".