نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژی سنووری دهۆك و هەولێر دەستگیر كرا

18-11-2023 01:24

پەرەگراف

مامۆستا عەلی ڕەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری دهۆك و هەولێر، "لەلایەن ئاسایشەوە" دەستگیر كرا. دەستگیركردنی ئەو مامۆستا لە كاتێكدایە بڕیارە سبەینێ‌ مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گردبوونەوە ئەنجام بدەن.

كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "مامۆستا عەلی ڕەئوف نزیكی كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ لە بازگەی كەڵەك دەستگیر كراوە و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایش بردوویانە بۆ هەولێر".

مامۆستا كارزان فیزیك وتیشی "بڕیار بوو سبەینێ مامۆستایانی وانەبێژی هاوپیشەمان لە سنووری دهۆك و هەولێر، لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ داواكردنی مافی وانەبێژان".

مامۆستایانی وانەبێژ كە هاوشانی مامۆستایانی دامەزراو ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆتی دەوامیان كردووە، تاكە داواكارییان بریتییە لە دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی.

وەكوو نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن، دوای دەیان گردبوونەوە و خۆپیشاندان، تا ئێستا حكومەتی هەرێم "وەڵامێكی ئەرێنی"ـی نەداونەتەوە، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم "ئامادە نییە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كێشەی مامۆستایان ئەنجام بدات".

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ نزیكەی 35 هەزار مامۆستایە و 30%ی پێداویستیی كەرتی پەروەردە پەروەردە پڕ دەكەنەوە. زۆرینەیان زیاتر لە پێنج ساڵ و هەندێكیان زیاتر لە 10 ساڵیشە مامۆستای وانەبێژن، بەڵام تا ئێستا حكومەت ئامادە نییە بیانكات بە هەمیشەیی.